مەزڵوم عەبدى: سەرکەوتنی یانەی ئامەدسپۆر دڵی هەموو کوردەکانی خۆشکرد

مەزڵوم عەبدی پیرۆزبایی سەرکەوتن لە ئامەدسپۆر دەکات
مەزڵوم عەبدی پیرۆزبایی سەرکەوتن لە ئامەدسپۆر دەکات

مەزڵوم عەبدى، بەبۆنەی سەرکەوتنی مێژوویی یانەی ئامەدسپۆر بۆ خولی نایابی تورکیا، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاڕاستەی یاریزانان و هاندەرانی ئەو یانەیە کرد و ڕایگەیاند، سەرکەوتنی یانەی ئامەدسپۆر دڵی هەموو کوردەکانی خۆشکرد.

پیرۆزبایی بۆ خولی نایابی تورکیا

فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات، بەبۆنەی سەرکەوتنی مێژوویی یانەی ئامەدسپۆر پەیامێکى بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، لە دڵەوە پیرۆزبایی لە سەرجەم یاریزانان و ستاف و هاندەرانی یانەی ئامەدسپۆر دەکەم بەبۆنەی ئەو سەرکەوتنە گەورەیەیان بۆ خولی نایابی تورکیا.

دڵی هەموو کوردێکی خۆشکرد

مەزڵوم عەبدى دەشڵێت: سەرکەوتنی یانەی ئامەدسپۆر بۆ خولی نایابی تورکیا، دڵی هەموو کوردەکانی خۆشکرد و هیواى سەرکەوتنى زیاتر بۆ یانەکەش دەخوازێت.

بۆ یەکەمجار لە مێژووی ئامەدسپۆردا

ئەوەش دواى ئەوەدێت، یانەی ئامەدسپۆر؛ یانە گەورەکەی باکووری کوردستان لە تاقیکردنەوە قورسەکە دەرچوو و پاش یەکسانبوونى لەگەڵ ئیدرسپۆر بە سێ گۆڵ، بۆ یەکەمجار لە مێژووی خۆیدا گەیشتە خولی گەورەکانی تورکیا، کە خولی نایابی ئەو وڵاتەیە.

یاری لەگەڵ یانە گەورەکان

ئامەدسپۆر کە یەکەم ساڵە لە خولی پلە یەک یاریی دەکات، گەیشتە خەونە گەورەکەی کە خولی نایابی تورکییە و لەگەڵ یانە گەورەکانی وەک گاڵاتاسارای، فەنەرباخچە و بەشیکتاش یاریی دەکات، ئەوەش ڕاستەوخۆ دەرگای بۆ دەکاتەوە، لە داهاتوودا بگاتە خولی ئەورووپا و یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا.