عەلی زەیدی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی لە 5 ڕۆژدا 22 کۆبوونەوەی کردووە

عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی راسپێردراوی عێراق
عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی راسپێردراوی عێراق

عەلى زەیدى، سەرۆکوەزیرانى ڕاسپێردراو بۆ پێکهێنانى حکومەتى نوێى عێراق، پێنج ڕۆژى ماوە دەستوورییەکەى بە زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان بەڕێکرد.

کۆبوونەوە لەگەڵ شیعە و سووننە و کورد

زەیدى دواى کۆبوونەوەى لەگەڵ زۆرینەى لایەنەکانى شیعە و سووننە، سەردانى هەولێرى کرد و لە پیرمام لەگەڵ مەسعود بارزانى سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان کۆبووەوە.

چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان

بارەگاى بارزانى بڵاویکردەوە، بارزانى لە کۆبوونەوەکەدا جەختی لە پێویستیی چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان لە چوارچێوەی دەستووردا کردووەتەوە.

گەڕانەوەی پارتی بۆ بەغداد

بارەگاى بارزانى دەشڵێت، عەلى زەیدى داواى لە فراکسیۆن و تیمى حکومى پارتی کرد، بۆ پێكهێنانی حكومەتی فیدراڵ بگەڕێنەوە بەغداد، بەڵام ئەم داوایە لە ڕاگەیێنراوى فەرمیی زەیدیدا نییە.

پشتیوانی لە عەلی زەیدی

هەر لە هەولێر عەلى زەیدى لەگەڵ نێچیرڤان بارزانى، جێگرى یەکەمى سەرۆکى پارتى کۆبووەوە. نێچیرڤان بارزانى ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا پشتیوانیی تەواوى خۆی بۆ عەلى زەیدى لە پێکهێنانى حکومەتێکى بەهێز دووپاتکردووەتەوە، کە وەڵامدەرەوەى خواستى عێراقییەکان بێت.

دەرفەتێکی نوێ

دواتریش عەلى زەیدى لەگەڵ مەسرور بارزانى جێگرى دووەمى سەرۆکى پارتى کۆبووەوە و مەسرور بارزانى ڕایگەیاندووە، لە کۆبوونەوەکەدا جەختیانکردووەتەوە، ئێستا دەرفەتێکی نوێ هاتووەتە ئاراوە کە کێشەکان بەشێوەیەکی بنەڕەتی و یەکجارەکی چارەسەر بکرێن، دادپەروەرانە ڕەفتار لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکرێت.

دروستکردنی حکومەتێکی بەهێز

دواى هەولێر، سەرۆکوەزیرانى ڕاسپێردراو گەیشتە سلێمانى و لە دەباشان، لەگەڵ بافڵ جەلال تاڵەبانى سەرۆکى یەکێتى و ژمارەیەک لە ئەندامانى مەکتەبى سیاسى حیزبەکە کۆبووەوە. بافڵ جەلال تاڵەبانى ڕایگەیاند، ئامانجی ئەوان دروستکردنی حکومەتێکی بەهێزە کە ژیانێکی شایستە بۆ هاوڵاتییان دابینبکات، ئاڵنگارییە ئابووری و ئەمنییەکان تێبپەڕێنێت و مافی تەواوی گەلانی عێراق و بە تایبەتی گەلی کورد بەگوێرەی دەستوور بپارێزێت.

کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنەکانی دیکە

دواى یەکێتى، عەلى زەیدى لەگەڵ نەوەى نوێ و ڕەوتى هەڵوێست و کۆمەڵى دادگەرى کۆبووەوە. ڕێبوار ئەوڕەحمان، جێگری سەرۆکى جوڵانەوەى نەوەی نوێ، گوتى، داوایان لە سەرۆکوەزیرانى ڕاسپێردراو کردووە، کارى یەکەمى چارەسەرکردنى یەکجارەکى کێشەى مووچەى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان بێت.

"هەموو حیزبە کوردییەکان بەشداری دەکەن"

هەروەها عەلى زەیدى دواى کۆتاییهاتنى کۆبوونەوەکانى لە هەرێمى کوردستان ڕایگەیاند، هەموو حیزبە کوردییەکان بەشدارى لە حکومەتى داهاتوو دەکەن.

22 کۆبوونەوە لە 5 ڕۆژدا

عەلى زەیدى هەنگاوى یەکەمى هەوڵەکانى بۆ پێکهێنانى کابینەى نوێ، بە 22 کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنەکان دەستپێکرد، چاوەڕوان دەکرێت هەنگاوى دووەمى دابەشکردنى پۆستە وزارییەکان و داڕشتنى کارنامەى حکومەتەى بێت.