دادگای باڵای بەریتانیا لەبارەی ناردنی پەنابەران بۆ رواندا بڕیاردەدات
لە کۆبونەوەی ئەمرۆییدا دادگای باڵای بەریتانیا، "پلانی ناردنی پەنابەران بۆ رواندا"بەنایاسایى دانا و لە بەرامبەردا رواندا تانە لە بڕیارەکە دەدات.
ئەمرۆ چوارشەممە، 15ى تشرینی دووەمی 2023، بە ئامادەبوونی پێنج دادوەر دانیشتنی دادگای باڵای بەریتانیا تایبەت بە پرسى ناردنى پەنابەران بۆ رواندا بەرێوەچوو، ئەو دادوەرانە بڕیاریاندا "ناردنی پەنابەران بۆ رواندا نایاساییە".
دادوەرەکان دەڵێن : "بە پشتبەستن بە بەڵگەکان، هاوڕاین لەگەڵ بڕیاری پێشووی دادگای تێهەڵچوونەوەی بەریتانیا، چونکە مەترسییەکی زۆر هەیە لەسەر مافی ئەو کەسانەی بەگوێرەی یاسای نێودەوڵەتی داوای پەنابەری دەکەن".
لەراگەیەندراوەکەدا هاتووە "دڵنیا نین لەوەی پەنابەران لە روانداوە بەرەو وڵاتی بنەڕەتیی خۆیان رەوانە ناکرێنەوە، یان ناچار ناکرێن بگەڕێنەوە، بەوەش تووشی ئازاردان و مامەڵەی نامرۆڤانە دەبنەوە".
رۆبەرت رید، سەرۆکی دادگای باڵای بەریتانیا، رایگەیاند، رەوشی مافی مرۆڤ لە رواندا لە ئاستێکی نزمدایە و ئەو وڵاتە شایستە نییە بۆ ناردنی پەنابەران.
بڕیارەکە کاردانەوەى حکومەتى رواندای لێکەوتەوە، یولاند ماکولو، گوتەبێژی حکومەتی رواندا، لە راگەیاندراوێکدا گوتى: "لەکۆتاییدا ئەم بڕیارە دەگەرێتەوە بۆ سیستمی دادوەریی لە بەریتانیا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە تانە دەدەین لەو بڕیارە کە دەڵێت، رواندا وڵاتی سێهەم دەبێت بۆ ئەو پەنابەرانە و ئارام نییە بۆ ئەو کەسانەی داوای پەنابەریی دەکەن".
گوتیشی "رواندا پابەندە بەو پابەندێتییە نێودەوڵەتییانەی کە لەسەریەتی و مامەڵەمان لەگەڵ پەنابەراندا گونجاوترینە و توانیوومانە دانپێدانانی رێکخراوەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران و رێکخراوی دیکە بەدەستبهێنین".
مانگی حوزەیرانی 2023، دادگای تێهەڵچوونەوەی بەریتانیا، بە زۆرینەی دەنگ رەوانەکردنی پەنابەران لە بەریتانیاوە بۆ رواندا بە "نایاسایی" ناساند و رایگەیاند، "رواندا وەکو وڵاتی سێیەم بۆ پەنابەران سەلامەت نییە، چونکە کە رەوانەی رواندا دەکرێن، دەنێردرێنەوە بۆ وڵاتی خۆیان و لەوێ رووبەڕووی گۆشەگیری و مامەڵەی نامرۆڤانە دەبنەوە ".
بەگوێرەی دادوەرەکانی دادگای تێهەڵچوونەوەی بەریتانیا، پلانی ناردنی پەنابەران بۆ رواندا پێشێلکردنی بڕگەی 3ی یاسای رێککەوتنامەی مافی مرۆڤی ئەوروپایە، کە دەڵێت "نابێت هیچ کەسێک ئەشکەنجە بدرێت و رووبەڕووی مامەڵەی نامرۆڤانە ببێتەوە".
لە پاش دەرچوونی ئەم بڕیارە پێشبینیدەکرێت، ریشی سوناکی سەرۆکوەزیرانى بەریتانیا، بچێتە ژێر فشاری بەريتانييەکان بۆئەوەی ئەو پەنابەرانە بوەستێنێت کە بەشێوەیەکی نایاسایی دەچنە وڵاتەکە، ئەمە جگەلەوەی پارتی پارێزگاران کە پارتەکەی سوناکە، پێدەچێت فشاری لێبکەن بۆ دەرچوون لە رێککەوتننامەی مافی مرۆڤ لە ئەوروپا.
"ناردنی پەنابەران بۆ رواندا"، لەسەردەمی بۆریس جۆنسۆنی سەرۆکوەزیرانى پێشووی بەریتانیا پێشنیارکرا، دەبوایە بەریتانیا پەنابەران بنێرێتە رواندا و لە بەرامبەریشدا ئەو وڵاتە 140 ملیۆن پاوەندی ئیستەرلینی کەدەکاتە نزیکەی 174 ملیۆن و 500 هەزار دۆلاری ئەمریکی لە لەندەن وەربگرێت.
بەڵام دوای مانگێک، لە تەمووزی 2023، پەرلەمانی بەریتانیا بە زۆرینەی دەنگ، یاسای پەیوەست بە کۆچی نایاسایی پەسەند کرد، لەوکاتەوە هەرکەسێک بە بەلەم و بە رێگەی نایاسایی و قاچاخ بچێتە نێو خاکی بەریتانیا، لە مافی پەنابەرێتی بێبەش دەکرێت و دیپۆرت دەکرێتەوە بۆ ئەوەی رێگە لە کۆچی نایاسایی بگرن.
بەگوێرەی ئامارەکانی حکومەتی بەريتانيا، تەنیا لە ئەمساڵدا زياتر لە 27 هەزار کۆچبەر لەرێگەی کەناڵی ئینگلیزەوە بە بەلەمی بچووک و کەشتييە بارهەڵگرەکان هەوڵيانداوە بگەنە بەريتانيا و رێگرييان لێکراوە.
هاوکات بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی تێلگراف، تاوەکو کۆتايی مانگی ئابی 2023 هەزار و 774 کۆچبەری عێراقی لەرێگەی کەناڵی ئينگليزەوە چوونەتە بەريتانيا، لە %80ی ئەو کەسانەی داوای مافی پەنابەرييان رەتدەکرێتەوە، کوردن بەڵام رۆژنامەکە هۆکارەکەی روون نەکردەوە.
15/11/2023