پێنج منداڵ لە واست خنکان
ئارام یوسف 03/05/2026
پێنج منداڵ لەکاتی مەلەکردندا لە زۆنگاوێکی سنووری پارێزگای واست خنکان، پۆلیسی پارێزگاکەش داوا لە دایکان و باوکان دەکات، چاودێری منداڵەکانیان بکەن.
بۆ مەلەکردن چوونەتە زۆنگاوێک
ئەو منداڵانە ڕۆژی یەکشەممە بەمەبەستی مەلەکردن چوونەتە زۆنگاوەکانی شوەیجە لە سنووری پارێزگای واست.
بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی زۆنگاوەکە هۆکار بووە بۆ خنکانیان
بەگوێرەى زانیارییەکان، بەهۆی زۆری ڕێژەی باران بارینی ئەمساڵەوە، ئاستیی ئاوی زۆنگاوەکە بەروارد بە ساڵانی ڕابردوو بەرزبووەتەوە، ئەوەش هۆکاری خنکانی منداڵەکان بووە.
تەرمەکان دەرهینراونەتەوە
تیمەکانی بەرگریی شارستانیی واست، تەرمی منداڵەکانیان لە زۆنگاوەکە دەرهێناوەتەوە، تەرمەکان ڕەوانەی پزیشکی دادیی کوت کراون.
فەرماندەیی پۆلیسی واست، لە پەیامێکدا سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانییانی ڕووداوەکە دەکات و داوا لە دایکان و باوکانیش دەکات، چاودێری منداڵەکانیان بکەن و ڕێگەیان نەدەن لە ڕووبار و زۆنگاوە نەگونجاوەکان مەلەوانی بکەن.
ئارام یوسف
03/05/2026