جیاوازیی نێوان پەڵەی خۆر و شێرپەنجەی پێست چییە؟

گران جاف 05/05/2026

بەرکەوتنی تیشکی خۆر هۆکارێکە بۆ دروستبوونی پەڵەی پێست، ئەمەش جۆرە پەڵەیەکی بێزیانە، بەڵام گرنگە بزانرێت کە چۆن دڵنیا دەبیتەوە لەوەی کە پەڵەکە شێرپەنجە نییە و تەنیا پەڵەی خۆرە.

پەڵەی خۆر چییە؟

پەڵەیەکی تەختی قاوەییە، بەهۆی زۆر بەرکەوتنی تیشکی سەروبنەوشەیی خۆرەوە دروستدەبێت، بە زۆری لەسەر ڕووخسار، دەستەکان و شان دروستدەبێت.

ئەم جۆرە پەڵەیە زیانی نییە و پێویستی بە چارەسەر نییە، واتە نیشانەیەکی زیانگەیشتنی پێستە لەلایەن خۆرەوە نەوەک نەخۆشییە.

شێرپەنجەی پێست چییە؟

زیادبوونێکی نائاسایی خانەکانی پێستە و بەهۆی زیانەکانی تیشکی سەروو بنەوشەیی خۆرەوە دروستدەبێت، بەهۆیەوە نیشانەیەک دروستدەبێت، ئەم نیشانەیە گۆڕانکاریی بەسەردا دێت و دەکرێت شێرپەنجەکە بۆ شوێنی دیکەی جەستە بڵاو ببێتەوە، ئەمە نەخۆشییە و ئەگەر بە خێرایی چارەسەر نەکرێت مەترسی لەسەر ژیانی کەسەکە دروستدەکات.

جیاوازییەکانی نێوان پەڵەی خۆر و شێرپەنجەی پێست چین؟

پەڵەی خۆر

  • تەخت و سافە
  • هەموو پەڵەکە یەک ڕەنگە
  • لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا گۆڕانکاریی بەسەردا نایەت
  • ئازاری نییە و خوێنی لێنایەت

شێرپەنجەی پێست

  • پەڵەکە قەبارە، شێوە و ڕەنگیشی دەگۆڕێت
  • چوارچێوەی پەڵەکە ڕێک نین
  • لەوانەیە پەڵەکە بخورێت، خوێنی لێبێت یان چاک نەبێتەوە
  • لەوانەیە گەورەتر ببێت و بڵاوببێتەوە

نیشانە ئاگادارکەرەوە گرنگەکە هەر جۆرە گۆڕانکارییەکە کە دەکرێت ڕووبدات.

گرنگە بزانرێت هەردوو جۆرە پەڵەکە بەهۆی زیانەکانی تیشکی خۆرەوە دروستدەبن، پەڵەی خۆر واتە پێستت بەهۆی تیشکی خۆرەوە زیانی پێگەیشتووە، هەربۆیە مەترسیشت بۆ تووشبوون بە شێرپەنجەی پێست زیاترە.

گران جاف

05/05/2026