دادی ئێران: لە جەنگداین و دەبێت چاودێری دۆخی بازاڕ بە باشی بکرێت

غوڵامحسێن موحسینی ئێژەیی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادی ئێران
غوڵامحسێن موحسینی ئێژەیی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادی ئێران

سەرۆی دەسەڵاتی دادی ئێران نایشارێتەوە وڵاتەکەی لە دۆخێکی ئابووری سەختدایە و ڕایگەیاند، "لەم دۆخەی ئێستا کە لە جەنگدان دەبێت بە وردی چاودێری بازاڕ بکەن و ڕێگری لە گرانبوونی نرخەکان بکەن" و دەشڵێت،"فشارە ئابوورییەکانی سەریان لە لایەن ئەمریکاوە زیاتر بووە".

چاودێریکردنی بازار بە توندی

غوڵامحسێن موحسینی ئێژەیی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادی ئێران لە کۆبوونەوەیەک لەگەڵ بەرپرسانی دەسەڵاتی دادوەری وڵاتەکەی داوایکرد بە توندیی چاودێری بازاڕ بکەن و ڕێگری بکەن لە گرانبوونی نرخەکان.

هەڵاوسانی ئابووری گەیشتووەتە لوتکە

بە گوێرەی ئامارەکانی ناوخۆی وڵاتەکە، هەڵاوسانی ئابووری گەیشتووەتە لوتکە و بەراورد بە ساڵی ڕابردوو، زیاتر لە %40ى تێپەڕاندووە، سەربارى ئەوەى بەهای تمەنی وڵاتەکە لە نزمترین ئاستی مێژووییدایە و هەر 100 دۆلارێک 19 ملیۆن تمەنی تێپەڕاندووە.

توندبوونی فشارە بابوورییەکانی سەر ئێران

ئێژەیی دەشڵێت، دووژمنەکانیان فشارە ئابوورییەکانی سەر ئێرانی توندتر کردووە، داوای لە بەرپرسانی  وڵاتەکەی کرد هاوکاری ناوەندەکانی تایبەت بە دابینکردنی پیداویستییە سەرەکییەکانی خەڵک بکەن.

ڕێگە نادرێت دۆخی ئابووری بقۆزرێتەوە

سەرۆکی دەسەڵاتی دادی ئێران گوتیشی، ڕێگە نادەن هەندێک بازرگان ئەم دۆخەی ئێستای وڵاتەکە بۆ سودی خۆی بەکاربهێنێت و دەشڵێت، مامەڵەی توند لەگەڵ ئەو جۆرە کەسانە دەکەن.

جەنگ جگە لە بەرزبوونەوەی نرخی وزە و کاڵا سەرەکییەکان، نرخی سووتەمەنی پیشەسازی و یەکە کشتووکاڵییەکانیش بەرزکردووەتەوە،ئەوە جگە لە بەرزبوونەوەی، نرخى نزیکەی 200 جۆر دەرمان و پێداویستى پزیشکیی بەڕێژەى %380.