بەهۆى دامەزراندنی دەرچووانى زانکۆى ئەمریکى لە دهۆک ژمارەیەک کارمەند بایکۆتیان کرد
بەهۆی دامەزراندنی ژمارەیەک دەرچووى زانکۆی ئەمریکى لە دهۆک، بەشێک لە کارمەندانی خۆبەخش لە دوو نەخۆشخانەی دهۆک مانگرتنیان ڕاگەیاند و بایکۆتی دەوامیان کرد.
مانگرتنی کارمەندانی خۆبەخش
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کەناڵ8، ڕۆژی چوارشەممە 25 کارمەندی خۆبەخش لە هەردوو نەخۆشخانەی هیڤیی منداڵان و نەخۆشخانەی لەدایکبوون، ناڕەزاییان لە دامەزراندنی ژمارەیک دەرچووی کۆلێژی پزیشکی زانکۆی ئەمریکی لە شاری دهۆک دەربڕیوە و بڕیاریانداوە بایکۆتی دەوام بکەن و بچنە ماڵەکانیان.
کارمەندی نەخۆشخانەی منداڵان و لە دایکبوونن
پەیامنێرێ کەناڵ8 ئاماژەی بەوەشدا، لەو 25 کارمەندەی بایکۆتیان کردووە، 17یان کارمەندی نەخۆشخانەی هیڤیی منداڵان و هەشتیان کارمەندی نەخۆشخانەی لەدایکبوونی منداڵانن.
هەندێکیان هەشت ساڵ خزمەتیان هەیە
بەشێک لەو کارمەندانەی بایکۆتیان کردووە، زیاتر لە هەشت ساڵ خزمەتیان هەیە و سەرباری ئەوەی کە بە هەمیشەیی دانەمەزرێنراون، بە گرێبەستیش قبوڵنەکراون.
چاوەڕواندەکرێت ژمارەیەکی دیکەش بایکۆت بکەن
هەر بەگوێرەی زانیارییەکانی کەناڵ8، پێدەچێت ڕۆژی پێنجشەممە ژمارەیەکی دیکە لە کارمەندانی هەردوو نەخۆشخانەکە مانگرتن ڕابگەیەنن و بایکۆتی دەوام بکەن.
لە ساڵی 2016ـەوە بە بیانووی قەیرانی داراییەوە تاوەکو ئێستا پرۆسەی دامەزراندن لە هەرێمی کوردستان ڕاگیراوە، سەرباری ئەوەی کە تاوەکو ساڵانی ڕابردوو دامەزراندنی دەرچووانی کۆلێژەکانی پزیشکی بەردەوامبوو، بەڵام دامەزراندنی ئەوانیش لە دوو ساڵی رابردوودا ڕاگیراوە.
لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا لەسەر فەرمانی تایبەتی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، زیاتر لە 20 دەرچووی کۆلێژی پزیشکی زانکۆی دهۆک بڕیاری دامەزراندنیان بۆ دەرکرا و ئەوەش ناڕەزایی گەورەی لەناو دەرچووانی کۆلێژەکانی پزیشکی شارەکانى دیکەى هەرێمى کوردستان بەدوای خۆیدا هێنا.
06/05/2026