ئەشواق جاف: فراکسیۆن و وەزیرەکانی پارتی دەگەڕێنەوە بەغداد

ئەشواق جاف، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان
ئەشواق جاف، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان

پەرلەمانتارێکى فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، لەسەر داواکاریی شاندی چوارچێوەی هەماهەنگی و سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراوی عێراق و بەڵێندان بۆ جێبەجێکردنی دەستوور و ڕەچاوکردنی هاوسەنگی، فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بڕیاری شکاندنی بایکۆت و گەڕانەوەیان بۆ بەغداد دا.

لەسەر داوای چوارچێوەی هەماهەنگی سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراو

ئەشواق جاف، پەرلەمانتارى فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند "شاندێکی چوارچێوەی هەماهەنگی و سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراوی عێراق، لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا کە سەردانی هەولێریان کردبوو، داوای گەڕانەوەی فراکسیۆنی پارتییان کرد بۆ بەغداد".

هاوبەشی و هاوسەنگی لە بەڕێوەبردنی عێراق

گوتیشی، "دوای گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان و بەڵێندانیان بۆ جێبەجێکردنی دەستوور وەک خۆی و پابەندبوون بە هاوبەشی و هاوسەنگی لە بەڕێوەبردنی عێراق، فراکسیۆنی پارتی بڕیاریدا بگەڕێتەوە بەغداد".

وەزیرەکانی پارتیش دەگەڕێنەوە

ئەشواق جاف ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیاری گەڕانەوەیان بۆ بەغداد، وەزیرەکانی پارتیش لە حکومەتی عێراق دەگرێتەوە.

ڕۆژی سێشەممە، لە کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بەشێک لە وەزیرەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون.

پارتی دیموکراتی کوردستان، پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق، بەهۆی ناڕەزایەتییەوە بڕیاریاندا بگەڕێنەوە بۆ هەولێر و خۆیان ناویان لێنا گەڕانەوەى تیمە پەرلەمانى و حکومییەکەیان لە بەغداد بۆ ڕاوێژ.