حیزبی دیموکرات: لە 24 کاتژمێردا 5 هێرشی درۆنی کراوەتە سەر بنکەکانمان
درەنگانی شەوی ڕابردوو ژمارەیەک هێرشی درۆنی کرانە سەر شارۆچکەکانی کۆیە، هەریر، شەقڵاوە و خەلیفان و حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانیش وردەکاریی هێرشەکان بڵاو دەکاتەوە.
هێرشەکانی سەر کۆیە و هەولێر
حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران ڕایگەیاند، کاتژمێر 11:15 خولەکی شەوی ڕابردوو، بە 3 درۆن هێرش کراوەتە سەر بنکەی "زەوییە سپی" ئەو حیزبە لە شارۆچکەی کۆیە. دیموکرات ئاماژەی بەوەش کردووە کە بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممەش، بە 2 درۆنی دیکە هێرش کراوەتە سەر بنکەکانیان لە "گردەچاڵ"ی نزیک هەولێر، بەمەش کۆی هێرشەکان لە 24 کاتژمێردا گەیشتووەتە 5 هێرش.
تێکشکاندنی درۆنەکان لە ئاسمانی سۆران و هەریر
نیوەشەوی ڕابردوو دەنگی تەقینەوە لە ئاسمانی سۆران، خەلیفان، شەقڵاوە و هەریر بیستراوە. بەگوێرەی زانیارییەکانی هاونیشتمانییان، 3 درۆن لە ئاسمانی ئەو ناوچانە لە لایەن فڕۆکە و هێزەکانی بەرگریی ئاستانیی ئەمریکاوە تەقێنراونەتەوە. هاوکات کەمپی ئاوارەکانی ڕۆژهەڵات لە دۆڵی "ئالانە" لە شارۆچکەی خەلیفان بە درۆن هێرشی کراوەتە سەر و دوو دەنگی بەهێز لە ناوچەکەدا بیستراون.
زیانەکان و ئاماری هێرشەکان
بەگوێرەی ڕاگەیەنراوەکان، هێرشەکان تەنیا زیانی ماددییان لێکەوتووەتەوە و هیچ زیانێکی گیانییان نەبووە. حیزبی دیموکرات ئاماژەی بەوە کردووە، لە دەستپێکی جەنگی ئێرانەوە تاوەکو ئێستا، تاران بە زیاتر لە 119 مووشەک و درۆن کەمپی بنەماڵەکان، نەخۆشخانە و ناوەندە پەروەردەییەکانی ئەو حیزبەی بۆردوومان کردووە.
کۆمەڵە و حیزبەکانی دیکەی ڕۆژهەڵات
جگە لە حیزبی دیموکرات، حیزبەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک کۆمەڵە، لە ماوەی ئەم جەنگەدا دەیان هێرشی درۆنی و مووشەکییان کراوەتە سەر. ئەو هێرشانە جگە لە زیانی ماددی گەورە، لە چەندین قۆناغدا بوونەتە هۆی شەهید و برینداربوونی ژمارەیەک لە پێشمەرگە و ئەندامانی ئەو حیزبانە.
07/05/2026