پارتی و بەغداد؛ بایکۆتێک کە 20 ڕۆژی نەخایاند
پارتى دیموكراتى كوردستان، كۆتایى بە بایكۆتە 19 رۆژییەكەى هێنا و فراكسیۆنەكەى و وەزیرەكانى دەگەڕێنەوە بۆ سەر كارەكانیان لە بەغداد، ئەوەش پاش زنجیرەیەك گفتوگۆ و لێكتێگەیشتن لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان.
چۆنیەتى دەستپێكردنى بایكۆتەكە
لە 11ی نیسان و پاش هەڵبژاردنی نزار ئامێدی وەک سەرۆککۆماری عێراق، پارتی بڕیاری بایکۆتکردنی دانیشتنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی دا. دواتر لە 18ی نیسان فراکسیۆنی پارتی بە ڕەسمی ڕایگەیاند "لەسەر ڕاسپاردەی سەرکردایەتییان، بایکۆتی دانیشتنەکان دەکەن تاکو کاتێکی نادیار". پارتی هۆکاری ئەم هەڵوێستەی بۆ پێشێلکردنی دەستوور و یاسا و پشتگوێخستنی بنەماکانی هاوبەشی، هاوسەنگی و سازان لە پەرلەمانی عێراق گەڕاندبووەوە.
هەڵوەشاندنەوەى بڕیارەکە پاش 19 ڕۆژ
بایکۆتەکەی پارتی پێش ئەوەی بگاتە 20 ڕۆژ کۆتایی هات و ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە 6ـی ئایار، فراکسیۆنی ئەو حیزبە گەڕانەوەی خۆی بۆ سەر کار و چالاکییە پەرلەمانییەکان ڕاگەیاند. ئەم بڕیارە پاش ئەوە هات کە فراکسیۆنەکە ئاماژەی بە دروستبوونی لێکتێگەیشتنی ئەرێنی لە نێوان هێزە سیاسییەکان دا کرد، ئەوەش پاش سەردانی سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەت و شاندی باڵای چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ هەرێمی کوردستان و ئەنجامدانی گفتوگۆ لەگەڵ سەرکردایەتی پارتی.
جووڵە دیپلۆماسییەكان و زەمینەسازی بۆ گەڕانەوە
لە ماوەی بایکۆتەکەدا و لە ڕۆژانی 4 و 5ـی ئایار، نێچیرڤان بارزانی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پارتی سەردانی بەغدادی کرد، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ زەمینەسازی گەڕانەوەی پارتی بۆ ناو پرۆسەی سیاسی بینرا. هەرچەندە پێشتر پارتی خۆی لە دەرەوەی پڕۆسەکە دەبینیەوە بەو پێیەی یەکەمجار بوو هەر سێ سەرۆکایەتییەکە لە دەرەوەی خواستی ئەو حیزبە پێکبهێنرێن، بەڵام سەردانی شاندی دانوستانکاری پارتی بۆ بەغداد بە ئامانجی گەیشتن بە چارەسەری ڕیشەیی، گۆڕانکاری لە هەڵوێستەکان دا دروست کرد.
گەڕانەوەى وەزیرەكان بۆ كۆبوونەوەكانى حكومەت
بایکۆتەکە تەنیا پەرلەمانی نەگرتبووەوە، بەڵکو وەزیرەکانی پارتیش لەحکومەتی فیدڕاڵی بایکۆتی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانیان کردبوو. لە کۆبوونەوەی ڕۆژی چوارشەممەی ئەنجوومەنی وەزیران دا، بەنگین ڕێکانی، وەزیری ئاوەدانکردنەوە لە پشکی پارتی، بەشداریکرد، ئەمەش نیشانەی کۆتاییهاتنی بایکۆتی وەزیرەکانی ئەو حیزبەیە. ئەشواق جاف، پەرلەمانتاری پارتی ڕایگەیاند "بڕیاری گەڕانەوە بۆ بەغداد، وەزیرەکانیش دەگرێتەوە و ئەوەش پاش ئەوە هاتووە کە لایەنە عێراقییەکان داوای گەڕانەوەی پارتییان کردووە".
مێژووى بایكۆت و جیاوازى لەگەڵ كەركووك
پارتی دیموکراتی کوردستان، پێشتر چەندین جار هەڕەشەی بایکۆتکردنی پڕۆسەی سیاسی لە عێراق کردووە، بەڵام ئەمە یەکەمجار بوو بە کردەیی بایکۆتەکە جێبەجێ بکات، هەرچەندە ماوەکەی نەگەیشتە 20 ڕۆژ. ئەمە لە کاتێکدایە کە بایکۆتی پارتی بۆ ئەنجوومەنی پارێزگا و ئیدارەی کەرکووک هێشتا بەردەوامە، کە لە ئابی 2024ـەوە و لە کاردانەوەی هەڵبژاردنی ڕێبوار تەها وەک پارێزگاری کەرکووک دەستیپێکردووە.
07/05/2026