بەرکەوتوویەکی چەکی کیمیایی ناوچەی شێخ وەسانان گیانی لەدەستدا
شەوی ڕابردوو لە هەولێر بریندارێکی چەکی کیمیایی ناوچەی شێخ وەسانان لە نەخۆشخانەی ڕۆژئاوای شارەکە گیانی لەدەستدا و کوڕی ئەو ژنەش دەڵێت، داوا لە لایەنی پەیوەندیدار دەکەن ناسنامەیەکیان بۆ دروست بکرێت بۆ پاڵپشتیکردنیان لە وەرگرتنی چارەسەر لە نەخۆشخانەکان نەوەک وەرگرتنی پارە.
بەهییە مستەفا تەمەنى 72 ساڵە
ئەو ژنەی شەوی ڕابردوو لە نەخۆشخانەی ڕۆژئاوا لە شاری هەولێر کۆچی دوایی کرد ناوی بەهییە مستەفا مەحمودە و تەمەنی 72 ساڵ بووە و لە بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی ناوچەی شێخ وەسانان بووە.
شایەدحاڵى دادگاییکردنى سەدام
ئەو ژنە لەپاش بەرکەوتنیشی بە چەکی کیمیایی شایەدحاڵی دادگایی کردنەکەی سەدام حوسێن بووە چەندین ساڵ بەدەست کاریگەرییەکانی چەکی کیمیاییەوە وەک هەناسەتەنگی و ئازارێکی زۆرەوە دەناڵێنێ دەناڵێنێت.
20 ساڵ ناڵاندوویەتى
شوان خالید، کوڕی بەهییە مەستەفا بۆ کەناڵ8 باسی لەوەکرد، ماوەی 20 ساڵە دایکی بەدەست هەناسە تەنگی و کاریگەرییەکانی توندی چەکە کیمیاییەکانەوە دەیناڵد و بە بەردەوامی تەبخیری بۆ کراوە و کۆکەکۆکی بووە و چەندین جار هێندە دۆخی تەندروستی تێکچووە نزیک بووەتەوە لە مردن.
کەمتەرخەمى وەزارەتى تەندروستى
بۆخۆیان چارەسەری تەندروستییان بۆ کردووە بەڵام گرفتیان هەبووە لە دۆزینەوەی پزیشکێک کە ئاگاداری دۆخی تەندروستی ئەو کەسانە بێت کە شارەزاییان هەبێت لە چەکە کیمیاییەکان و دەشڵێت، لایەنی پەیوەندیدار وەک وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی شەهیدان کەمتەرخەمە لە کردنەوەی ۆرکشۆپ و پێدانی ڕێنمایی بە پزیشکەکان پەیوەست بەو بابەتە و وەرگرتنی زانیاریی لەسەر بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی.
ئەندامانى خێزانەکە بەرکەوتەى چەکى کیمیایین
ئاماژەی بەوەشکرد، لە خێزانەکەیان دا، برا و خوشکەکان و خۆیشی بەرکەوتەی چەکی کیمیایین و کاریگەری هەبووە لە چالاکی ڕۆژانەیان بەراورد بە کەسانی ئاسایی.
ئەو کوڕەی بەهییە موستەفا وەک بەرکەوتەی چەکی کیمیایی و کەسوکاری ئەوان، داوای دروستکردنی لیژنەیەکی پزیشکی دەکەن بۆ وەرگرتنی چارەسەری تەندروستی و دەشڵێت، ئێمە داوای پارە ناکەین بەڵکو داوای لیژنەیەکی تایبەتمەند دەکەن پەیوەست بە دیاریکردنی ئەو کەسانەی بەرکەوتەی چەکی کیمیایی و چارەسەرکردنی بەرکەوتەکان و دروستکردنی ناسنامەیەک بۆیان تاوەکو کارئاسانییان بۆ بکات و پاڵپشتیان بۆ بکرێت بۆ وەرگرتنی چارەسەر لە نەخۆشخانەکان و بودجەیەکیان بۆ ئەو مەبەستە تەرخان بکرێت.
کیمیابارانکردنى دۆڵى بالیسان و شێخ وەسانان و خۆشناوەتى
16ـی نیسانی 1987 لەلایەن ڕژێمی پێشووی عێراقەوە ناوچەکانی بالیسان، شێخ وەسانان و دۆڵی خۆشناوەتی کیمیا باران کران و بەهۆیەوە 263 کەس شەهیدبوون و ژمارەیەکی زۆر زیاتریش برینداربوون و ئێستا زیاتر لە 300 هاونیشتمانیى ناوچەکە ئاسەوارى کیمیابارانکردنەکە لەسەر جەستەیان ماوە.

07/05/2026