کاردانەوەى دامەزراندنى دەرچووانى زانکۆى ئەمریکى دهۆک فراوانتر دەبێت
بەهۆى دامەزراندنی دەرچووانى زانکۆى ئەمریکى لە دهۆک، بایکۆتى بەشێک لە کارمەندانى تەندروستى بەردەوامە و کارمەندانى نەخۆشخانەى ئازادى لە شارەکەش هەڕەشەى مانگرتن دەکەن.
دوو ڕۆژ مۆڵەت بە حکومەت دراوە
پەیامنێرى کەناڵ8 لە دهۆک، ڕایگەیاند "کارمەندانى نەخۆشخانەى ئازادى کە گەورەترین نەخۆشخانەى دهۆکە هەڕەشەى مانگرتنیان کردووە و دوو ڕۆژ مۆڵەتیان بە حکومەت و لایەنە بەرپرسەکان داوە بۆ وەڵامدانەوەیان و جەختلەوەش دەکەنەوە ئەگەر تاوەکو ڕۆژى یەکشەممە وەڵامنەدرێنەوە مانگرتن ڕادەگەیێنن.
ئەوە لەکاتێکدایە، لە ڕۆژی چوارشەممەوە 25 کارمەندی خۆبەخش لەهەردوو نەخۆشخانەی هیڤیی منداڵان و نەخۆشخانەی لە دایکبوون، ناڕەزاییان لە دامەزراندنی ژمارەیەک دەرچووی کۆلێجی پزیشکی زانکۆی ئەمریکی لە شاری دهۆک دەربڕیوە و بڕیاریانداوە بایکۆتی دەوام بکەن و بچنەوە ماڵەکانیان.
8 ساڵ خزمەت
بەشێک لەو کارمەندانەی بایکۆتیان کردووە، زیاتر لە هەشت ساڵ خزمەتیان هەیە و سەرباری ئەوەی کە بە هەمیشەیی دانەمەزرێنراون، بە گرێبەستیش قبوڵنەکراون.
بیانوى قەیرانى دارایی
لە ساڵی 2016ـەوە بە بیانووی قەیرانی داراییەوە تاوەکو ئێستا پڕۆسەی دامەزراندن لە هەرێمی کوردستان ڕاگیراوە، سەرباری ئەوەی کە تاوەکو ساڵانی ڕابردوو دامەزراندنی دەرچووانی کۆلێجەکانی پزیشکی بەردەوامبوو، بەڵام دامەزراندنی ئەوانیش لە دوو ساڵی رابردوودا ڕاگیراوە.
مەسروور بارزانى فەرمانەکەى دەرکردووە
لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا لەسەر فەرمانی تایبەتی مەسرور بارزانى سەرۆکوەزیرانى هەرێمی کوردستان، زیاتر لە 20 دەرچووی کۆلێجی پزیشکی زانکۆی دهۆک بڕیاری دامەزراندنیان بۆ دەرکرا و ئەوەش ناڕەزایی گەورەی لەناو دەرچووانی کۆلێجەکانی پزیشکی شارەکانى دیکەى هەرێمى کوردستان بەدوای خۆیدا هێنا.
07/05/2026