شەش رێگە بۆ پاراستنی تەندروستیی چاو
پێشەوا جەلال 15/11/2023
ئەو کەسانەی هیچ گرفتێکی بینینیان نییە، دەکرێت زۆر بیریان لە تەندروستیی چاوەکانیان نەکردبێتەوە، بەڵام هەندێک گۆڕان لە توانای بینیندا لەگەڵ تەمەندا روودەدەن. وەکو زۆرینەی لایەنەکانی دیکەی تەندروستی، شێوازی ژیان کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر تەندروستیی چاوەکان هەیە.
پسپۆڕان کۆمەڵێک رێگەیان پێشنیارکردووە کە یارمەتیدەر دەبن لە کەمکردنەوەی مەترسیی گرفتەکانی بینین، رێگەکان ئەمانەن:
- خۆراکی تەندروستانە: یەکێک لە رێگە سەرەکییەکانی پاراستنی تەندروستیی چاوە. سەوزە و میوەکان سەرچاوەی باشی ئەو ماددە خۆراکی و ڤیتامینانەن کە بۆ چاوەکان گرنگن، گرنگترین سەوزە و میوەکان ئەمانەن: سندی، کیوی، شیلک، تەماتە، بیبەر، برۆکلی و سپێناخ. چەورییە سوودبەخشەکانیش، کە سەرچاوەکانیان لە ماسی، گوێز و چەرەسەکاندا هەیە، تەندروستیی چاو دەپارێزن.
- پشکنینی ماوەماوەی چاو: بەگوێرەی کۆمەڵەی ئەمریکیی نەخۆشییەکانی چاو، ئاوی رەشی چاو یەکێکە لە سەرەکیترین هۆکارەکانی لەدەستدانی بینین لە کەسانی سەروو 60 ساڵیدا. دەکرێت ئاوی رەشی چاو و چەندین گرفتی دیکە، لەرێگەی پشکنینی پێشوەختەوە چارەسەربکرێن.
پسپۆڕانی ئەمریکی پێشنیاردەکەن بەگوێرەی ئەم کڵێشەیە پشکنینی ماوەماوەی چاو ئەنجامبدرێت:
- تەمەنی 20 ساڵی، ئەگەر گرفتێک نەبوو، تەمەنی 30 ساڵی و تەمەنی 40 ساڵی دووبارەبکرێتەوە
- لە تەمەنی 65 ساڵییەوە، ساڵی جارێک یان دوو ساڵ جارێک پشکنینبکرێت - وازهێنان لە جگەرەکێشان: ئەو کەسانەی جگەرەکێشن، دوو هێندە مەترسییان زیاترە بەهۆی تەمەنەوە گرفتی بینینیان بۆ دروستبێت، هەروەها دوو بۆ سێ هێندە مەترسییان زیاترە تووشی ئاوی سپیی چاو ببن. هەردوو گرفتەکە مەترسیدارن و دەکرێت ببنە هۆی لەدەستدانی بینین.
- پاراستنی چاو لە تیشکی خۆر: چاویلکەی رەش، چاو لە زیانەکانی هەتاو دەپارێزێت. تیشکی خۆر دەکرێت ببێتە هۆکاری ئاوی سپیی چاو و زیانگەیاندن بە تۆڕی چاو، جیا لەوانە مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجەی پێست و پیربوونی پێستی پێڵووی چاو زیاتردەکات.
- چارەسەرکردنی وشکیی چاو: شاشەکان و هەڵکشانی تەمەن دوو هۆکاری وشکیی چاون، یەکێک لە رێگەکانی کەمکردنەوەی وشکیی چاو یاسای 20ە، کە دەڵێت، هەموو 20 خولەکێک بۆ ماوەی 20 چرکە سەیری شتێک بکرێت کە 20 پێ (شەش مەتر) لە کەسەکەوە دوورە.
وشکیی چاو چەندین هۆکاری هەیە و دەکرێت کەسەکە بێزاربکات، لەم کاتانەدا باشترە سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکرێت. - چارەسەرکردنی نەخۆشیی شەکرە: شەکرە یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی لەدەستدانی بینین، ئەوانەی ماوەیەکی درێژخایەنتر شەکرەیان هەیە، مەترسییان زیاترە گرفتی چاویان بۆ دروستبێت، بۆیە گرنگە نەخۆشیی شەکرە رێگریی لێبکرێت و ئەو کەسانەی نەخۆشییەکەیان هەیە کۆنترۆڵی تەواوی نەخۆشییەکەیان بکرێت.
پێشەوا جەلال
15/11/2023