مێژوو و یاساکانی وەرزشی دەستشکانەوە

دەستشکانەوە یاخود (ئاڕم رێستلینگ)، وەرزشێکی هێز و تەکنیکە، کە تیایدا دوو کەس هەوڵدەدەن دەستی یەکدی بخەن و بیلکێنن بە مێزەکەوە، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی میسڕییە کۆنەکان کاتێک زانایان وێنە و داتاشراوی ئەم وەرزشەیان لەسەر دیوارەکان دۆزییەوە، هەروەها لە ئەدەبیات و مێژووی کۆنی یۆنانی و ڕۆمەکانیشدا باسکراوە، بەڵام سەرەتا لە ناو بازاڕ و خەڵکی ئاساییدا بووە، دواتر لەگەڵ گۆڕانی سەردەم بووە وەرزشێکی ناسراو.

تەکنیک و زیرەکی گرنگە


لە ساڵی 1977 بۆ یەکەمجار فیدراسیۆنی جیهانی دەستشکانەوە دامەزرا، کە ئێستا باڵادەسترینە و زیاتر لە 80 وڵات تیایدا ئەندامن، لەو کاتەوە بووەتە وەرزشێکی فەرمی.
زۆربەی خەڵک پێیان وایە لەم وەرزشەدا تەنیا هێزی ماسولکە گرنگە، بەڵام لە ڕاستیدا زۆر لەوە زیاترە، چونکە تەکنیک و زیرەکیش ڕۆڵی سەرەکی دەبینن.
دەستشکانەوە چەندین تەکنیکی جیاوازی هەیە، یەکەمییان پێی دەگوترێت تەکنیکی هووک، کاتێک مەچەکت دەچەمێنیتەوە بۆ ناوەوە و شەڕەکە دەبێتە هێزی بازوو و مەچەک.
دووەم تەکنیک پێی دەگوترێت تۆپڕۆڵ، لەم تەکنیکەدا فشار دەخەیتە سەر پەنجەکانی بەرامبەرەکەت بۆ ئەوەی مەچەکی بکەیتەوە و کۆنترۆڵی دەستی بکەیت.
هەر لەم وەرزشەدا، ماسولکەکان و هێزی مەچەک، هەروەها پشت و شانەکان زۆر گرنگن، بەگوێرەی ئەوەی پڕۆفێشناڵەکان خۆیان دەیڵێن، یاریزانی ڕاستەقینەی ئەم وەرزشە هەموو هێزی جەستەی بەکاردەهێنێت، نەک تەنیا هێزی دەست ومەچەک.

یاساکان


یاساکانی ئەم یارییە سادەن، یەکەم نابێت لە کاتی یارییەکە تەماشای لایەکی دیکە بکەیت، پێویستە هەمیشە تەماشای دەستی خۆت بکەیت بۆ ئەوەی مەچەکت نەشکێت، چونکە مەترسی شکانی مەچەک و ئانیشک لەم وەرزشەدا باوە.
هەروەها لە کاتی پێشبڕکێکەدا، نابێت ئانیشکت لەسەر ئەو شوێنە نەرمەی مێزەکە بەرز ببێتەوە.
مەشق و ڕاهینان بۆ دەستشکانەوە جیاوازە، گەر لە ماڵەوە بیت دەبێت بۆ ساتی مەشقەکانی ڕۆژانە خاولی تەڕ لە دەست و قۆڵت ببێچیتەوە، یان بەکارهێنانی پشتوێنی کاراتێ و جۆدۆ بۆ مەچەک یەکێکی دیکەیە لە بژاردەکان، هەروەها مەشقکردنی تایبەت بە مەچەک و قۆڵ و ئانیشک لە هۆڵە وەرزشییەکان لەگەڵیشیدا بەهێزکردنی پشت و شان زۆر گرنگە.