وێنەی مانگە دەستکردەکان چیرۆکێکی دیکەی نەتەنز دەگێڕنەوە
نەتەنز، ئەو شوێنەی وەکو چیرۆکێکی نهێنی بۆ بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران ناودەبرێت، هێشتا لە نێوان سیناریۆ و ڕاستی چیرۆکەکە دڵنیای نییە، لەبەرئەوەی هەندێک لە شوێنەکانی کە لە قوڵایی زەویدان، هێشتا ئاژانسی وزەی ئەتۆم پشکنینی بۆ نەکردووە.
تۆمارکردنی شالاکی نوێ لە نەتەنز
کەناڵی 12ی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە، وێنەی نوێی مانگە دەسکردەکان، هەندێک چالاکیان تۆمارکردووە، دەریانخستووە کە بڕێکی زۆر خاک لەبەردەم دەروازەی ڕۆژهەڵاتی تونێلەکە لە باشووری نەتەنز دانراوە. پێدەچێت ئەم هەنگاوە بە مەبەستی ڕێگریکردن لە چوونەژوورەوەی ئۆتۆمبێل یان سنووردارکردنی گەیشتنی خێرا بۆ ئەو شوێنە بێت.
کراوەی دەروازەی تونێلەکان
بەپێی وێنەکان، دەروازەی تونێلەکان لە سەرەتای مانگی نیسانی ڕابردوودا بە تەواوی کراوە بوون، بەڵام دواتر دەرکەوتووە کە بەشێکیان بە خاک داخراون، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە پێویستی بە ئامێری قورسە بۆ دووبارە کردنەوەی ڕێگەکە لەبەردەم هاتوچۆدا لە ناو کۆمەڵگەکەدا.
ناڕوونی لەسەر ئەو شوێنانەی لە قوڵایی زەویدان
هیچ نیشانەیەکی هاوشێوە لە دەروازە ڕۆژئاوایییەکانی تونێلەکاندا تۆمار نەکراوە، ئەمەش ناڕوونی زیاتری خستە سەر ئەو شوێنەی کە لە قووڵایی زەویدایە و تا ئێستا پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم سەردانیان نەکردووە.
دەرچەی تونێلەکان بە کۆنکرێت بەهێزکراون

ڕاپۆرتەکەی کەناڵی 12ی ئیسرائیلی، ئاماژەی بەوەش کردووە، لە سەرەتای ئەمساڵدا دەرچەی تونێلە کۆنەکان بە کۆنکریت بەهێزکراوە، ئەمەش گومانەکانی لەبارەی گواستنەوەی ئامێر یان کەرەستەی هەستیار بۆ ناو دامەزراوەکە زیاتر کردووە.
کۆمەڵگەی "کێوی بیکاکس"لە نەتەنز وەک یەکێک لە نهێنیترین شوێنە ئەتۆمییەکانی ئێران دادەنرێت، چونکە تاران لە کاتی دەستپێکردنی دروستکردنییەوە تا ئێستا تەنها زانیارییەکی زۆر کەمی لەسەر ئاشکرا کردووە.
شاردنەوەی چالاکییە هەستیارەکان
ڕاپۆرتەکانی پێشوو ئاماژەیان بەوە کردبوو کە ڕەنگە ئەم شوێنە بۆ کۆگاکردنی ئامێر و کەرەستەی پەیوەندیدار بە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران بەکاربهێنرێت، یان بۆ گواستنەوەی چالاکییە هەستیارەکان بۆ دامەزراوەیەکی ژێرزەوی پارێزراو کە بتوانێت بەردەوام بێت لە کارکردن تەنانەت ئەگەر دامەزراوەکانی تریش ڕووبەڕووی هێرش ببنەوە.
ئەم شوێنە لە کاتی هێرشەکانی ساڵی ڕابردوو بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، نەکراوەتە ئامانج، بە پێچەوانەی شوێنە سەرەکییەکانی وەک نەتەنز، فۆردۆ و ئیسفەهان.
خەمڵاندنەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە دامەزراوەکە لە قووڵایییەکی زیاتر لە دامەزراوەی پیتاندنی یۆرانیۆمی "فۆردۆ" دروست کراوە، ئەمەش وای کردووە بە ئامانجگرتنی سەربازی یان چاودێری نێودەوڵەتی قورستر بێت.

07/05/2026