دەقی کارنامەی کابینەکەی عەلی زەیدی
عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو، لە هەنگاوێکی گرنگدا کارنامەی کابینە نوێیەکەی رادەستی پەرلەمان کرد. کارنامەکە کە لە 13 لاپەڕە و 14 بەند پێکهاتووە، نەخشەڕێگەی حکومەت بۆ قۆناغی داهاتوو لە بوارەکانی ئەمنی، سیاسی و ئابووری دیاری دەکات و ئەمەی خوارەوەش دەقی کارنامەکەیە.
تەوەری یەکەم:
١. سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا و چەسپاندنی سەروەریی یاسا.
٢. بەهێزکردنی تواناکانی دەزگا ئەمنی، هەواڵگری و سەربازییەکان، سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت و هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی پڕچەککردن.
٣. پەرەپێدانی تواناکانی کارمەندانی حەشدی شەعبی بە جۆرێک کە توانای سەربازییان بەهێز بکات، هەروەها دیاریکردنی بەرپرسیارێتی و ئەرکەکانیان لە چوارچێوەی سیستەمی سەربازی و ئەمنیدا بەپێی یاسا.
٤. یەکخستنی بڕیاری ئەمنی و بەستنەوەی هەموو سەرچاوە و تواناکان بە دەوڵەتەوە.
٥. بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و تاوانی ڕێکخراو، لەگەڵ وشککردنی سەرچاوەکانی دابینکردنی دارایییان.
٦. بەهێزکردنی ئاسایشی سنوورەکان و پەرەپێدانی سیستەمەکانی چاودێری بەپێی تەکنەلۆژیای سەردەم.
تەوەرەی دووەم: سیاسەتی دەرەوە
١. دوورخستنەوەی عێراق لە جەمسەرگیرییەکانی ململانێی هەرێمی و نێودەوڵەتی وەک هەنگاوێکی بنەڕەتی بۆ پاراستنی سەقامگیری ناوخۆیی و دابینکردنی ژینگەیەکی ئارام بۆ گەشەی ئابووری و ڕاکێشانی وەبەرهێنان؛ پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی دەرەوەی چالاک کە لەسەر بنەمای هاوسەنگی لە پەیوەندییەکاندا بێت.
٢. بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی کاریگەر لەسەر ئاستی جیهان، و هەوڵدان بۆ بونیادنانی پەیوەندییەکی نایاب لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی (بەتایبەت وڵاتانی کەنداوی عەرەبی) و وڵاتانی دراوسێ لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش؛ کاراکردنی ڕێککەوتننامە ئابووری و ستراتیژییەکان لەرێگەی لیژنە هاوبەشەکان و پاڵپشتیکردنی پڕۆژەکانی بەستنەوەی هەرێمی لە بوارەکانی وزە، بازرگانی و گواستنەوە، لەوانەش (ڕێگەی گەشەپێدان) و دۆزینەوەی چارەسەری خێرا بۆ تەواوکردنی ئەم پڕۆژە زیندووە.
٣. پەیڕەوکردنی بنەمای "ڕێگەنەدان بەوەی عێراق ببێتە ڕێڕەو یان بنکەیەک بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دیکە" و ڕێگری لە هەر کارێک کە ببێتە هۆی تێکدانی ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ.
٤ کاراکردنی ڕێککەوتننامەی چوارچێوەی ستراتیژی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
٥. بەهێزکردنی پێگەی پاسپۆرتی عێراقی بە شێوەیەک کە لەگەڵ شکۆ و پێگەی هاووڵاتیی عێراقیدا بگونجێت.
٦. بەرزکردنەوەی پێگەی عێراق لە ناوەند و کۆڕبەندە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکاندا.
تەوەرەی ئابووری
١. بونیادنانی ئابوورییەکی نیشتمانی هەمەجۆر کە توانای خۆگونجاندنی لەگەڵ گۆڕانکارییەکان هەبێت و کاریگەرییە دەرەکییەکان کەم بکاتەوە.
٢. پەیڕەوکردنی بەرنامەی ڕێکخستنی دارایی و دووبارە داڕشتنەوەی خەرجییە گشتییەکان، لەگەڵ زیادکردنی داهاتە نانەوتییەکان و بەدیجیتاڵکردنی باج و ڕسومات.
٣. خێراکردنی پرۆسەی چاکسازی لە کەرتی بانکی بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان، بەتایبەت لە بواری بەرەنگاربوونەوەی شوشتنەوەی پارە و دابینکردنی بەرزترین ئاستی پابەندی دارایی.
٤. بەهێزکردنی کەرتی تایبەت و باشترکردنی ژینگەی کار وەک بزوێنەری سەرەکی گەشەپێدان، لەگەڵ چەسپاندنی بنەمای کێبڕکێ و ڕێگریکردن لە قۆرخکاری.
٥. چاکسازیکردن لە کۆمپانیا گشتییەکان لەڕێگەی بەستنی هاوبەشی لەگەڵ وەبەرهێنەرە ستراتیژییەکانی ناوخۆ و دەرەوە.
٦. بەهێزکردنی متمانە بە ژینگەی وەبەرهێنان، هاندانی وەبەرهێنانی ناوخۆیی و بیانی، و کاراکردنی سیستەمی "پەنجەرەی یەکگرتوو" لە دەستەکانی وەبەرهێنان.
٧. دابینکردنی پاراستنی ئەمنی پێویست بۆ کۆمپانیا بیانییە وەبەرهێنەرەکان، بەتایبەت کۆمپانیا گەورەکانی نەوت.
٨. دامەزراندنی "ئەنجومەنی باڵای سەقامگیریی دارایی و نەختینەیی" بۆ هەماهەنگی لە نێوان سیاسەتی دارایی و سیاسەتی نەختینەیی.
٩. دامەزراندنی "ئەنجومەنی باڵای وەبەرهێنان" بۆ دووبارە داڕشتنەوەی فەلسەفەی ڕاکێشانی وەبەرهێنانی بیانی و چالاککردنی وەبەرهێنانی ناوخۆیی.
١٠. دامەزراندنی "سندوقی نەوەکان" بۆ پاراستنی مافی نەوەکانی داهاتوو لە سامانی نەوت و سروشتیدا.
١١. بەشداریپێکردن و بەهێزکردنی ڕۆڵی کەرتی دڵنیایی (تأمین) لە ئابووری نیشتمانیدا.
چوارەم: وزە
یەکەم: کارەبا
١. چاکسازیی گشتگیر لە دۆسیەی کارەبا لەسەر ئاستی کەرتەکانی (بەرهەمهێنان، گواستنەوە، و دابەشکردن)؛ پێداچوونەوە بە میکانیزمی خەرجی و داهات و پاڵپشتییە حکومییەکان، بە جۆرێک کە تێچووی یەکەی وزەی کارەبا کەم بکاتەوە بۆ ئاستێکی پێوانەیی.
٢. پێداچوونەوە بە پڕۆژەکانی وەبەرهێنان لە کەرتی بەرهەمهێناندا بۆ بەهێزکردنی تۆڕی کارەبا و دابینکردنی خواست؛ لەگەڵ دابینکردنی سووتەمەنی پێویست و جەختکردنەوە لەسەر بەرهەمهێنانی "وزەی تێکەڵاو" (Hybrid) بە بەکارهێنانی وزە نوێبووەوەکان بۆ کەمکردنەوەی گازە زیانبەخشەکان و دابەزاندنی تێچووی بەرهەمهێنان.
٣. هەمەجۆرکردن و سەربەخۆیی لە دابینکردنی وزە بە شێوەیەکی بەردەوام؛ پەرەپێدانی بەرهەمهێنانی گازی سروشتی ناوخۆیی بەپێی خشتەیەکی کاتی دیاریکراو لەگەڵ وەزارەتی نەوت، لەگەڵ بەهێزکردنی هێڵەکانی بەستنەوەی کارەبا و تۆڕی بۆرییەکانی گاز لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ.
٤. بەشداریپێکردنی کەرتی تایبەت لە وەبەرهێنانی کەرتی دابەشکردنی کارەبا و گۆڕینی تۆڕەکە بۆ "تۆڕی زیرەک"؛ بە ئامانجی ڕێکخستنی بەکاربردن،
دووەم: نەوت و گاز
١. بونیادنانی هاوبەشیی ستراتیژی لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت بەپێی مۆدێلێک کە پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان مسۆگەر بکات.
٢. تەواوکردنی پڕۆژەکانی گازی هاوەڵ و زیادکردنی بەرهەمهێنانی، لەگەڵ کەمکردنەوەی سووتاندنی گاز بۆ دابینکردنی پێداویستی ناوخۆ و کەمکردنەوەی هاوردەکردن.
٣. بەهێزکردنی ژێرخانی هەناردەکردن لەرێگەی بونیادنان و بەستنەوەی تۆڕەکانی گواستنەوەی بۆری، فراوانکردنی بەندەرەکانی هەناردە و زیادکردنی توانای کۆگاکردن.
٤. کارکردن بۆ دەرکردنی (یاسای نەوت و گاز).
٥. جێبەجێکردنی "یاسای وەبەرهێنانی پاڵاوتنی نەوتی خاو ژمارە ٦٤ی ساڵی ٢٠٠٧" بۆ زیادکردنی توانای پاڵاوگەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی هەناردەکردنی بەرهەمە نەوتییەکان.
٦. زیادکردنی داهات لەرێگەی زنجیرەیەک بەهای تەواوکاری بە نوێکردنەوەی پاڵاوگەکان و پەرەپێدانی پیشەسازیی پترۆکیمیاوی.
٧. بەرزکردنەوەی ڕێژەی خۆبژێوی لە بەرهەمە نەوتییەکان و گازی سروشتی، کەمکردنەوەی تێچووی هاوردەکردن و گۆڕینیان بۆ داهاتی هەناردەکردن.
٨. تەواوکردنی وێستگە نەگۆڕەکان بۆ هاوردەکردن و هەناردەکردنی گاز لە بەندەری فاو-ی گەورە.
تەوەری پێنجەم: پیشەسازی
١- چاکسازیی یاسایی و ڕێکخستن کە بەشدار بێت لە گێڕانەوەی ڕۆڵی ئابووری کەرتی پیشەسازی و زیادکردنی بەشدارییەکەی لە کۆی بەرهەمی ناوخۆیی.
٢- جەختکردنەوە لەسەر هەمەجۆریی پیشەسازی، دابینکردنی ژێرخانی پڕۆژە پیشەسازییەکان، کەمکردنەوەی پشتبەستن بە نەوت و ڕەخساندنی هەلی کاری نوێ کە لەگەڵ گەشەسەندنی ئابووریدا بگونجێت.
٣- پاڵپشتیکردنی پیشەسازییە ستراتیژییەکان (خۆراک - دەرمان - بیناسازی)، و دووبارە خستنەگەڕی کارگە حکومییە پەککەوتووەکان.
٤- چالاککردنی ڕێکارە کارگێڕییەکان و پێدانی ئەو مۆڵەتانەی کە کاریگەرییان لەسەر کاری پڕۆژە پیشەسازییە ناوخۆییەکان هەیە.
٥- پێدانی ئیمتیازاتی تایبەت بەو پیشەسازییانەی کە ڕوویان لە هەناردەکردنە، و ئەوانەی دەستی کارێکی ناوخۆیی زۆر بەکاردەهێنن، لەگەڵ پڕۆژە دۆستەکانی ژینگە.
٦- چالاککردنی ڕۆڵی سندوقی پاڵپشتی هەناردەکردن و سیاسەتی پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی.
٧- بەرەنگاربوونەوەی ساغکردنەوەی کاڵای دەرەکی پشتگیریکردنی کێبڕکێی پیشەسازی ناوخۆیی بە جۆرێک کە یارمەتیدەر بێت لە پەرەپێدانیاندا.
٨- پەیڕەوکردنی پڕۆگرامی هاوبەشیی پیشەسازی لە نێوان دامەزراوەکانی کەرتی گشتی و تایبەت، و پەرەپێدانی شارە پیشەسازییەکان.
تەوەری شەشەم: کشتوکاڵ و ئاو
١- گێڕانەوەی بنەماکانی بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی وەک کەرتێکی ئابووری زیندوو و بەشدار لە کۆی بەرهەمی ناوخۆیی، لە ڕێگەی پەیڕەوکردنی ئامێر و هۆکارە پێشکەوتووەکانی کشتوکاڵ و ئاودێری، بەپێی پلانێک کە بەدیهێنانی بەرزترین ئاستی ئاسایشی خۆراک لەبەرچاو بگرێت.
٢- گرێدان و بەکارهێنانی پەیوەندییە ئابووری و سیاسییەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی سەرچاوەی ئاو، بە جۆرێک کە بەرزترین سوود بۆ عێراق بەدەستبهێنێت و ئاڕاستە بکرێت بۆ گەشەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ و بەدیهێنانی ئاسایشی ئاو.
٣- گرنگیدان بە بەرهەمی ئاژەڵداری و دابینکردنی هۆکارەکانی سەرکەوتنی، بە جۆرێک کە ئاسایشی خۆراک بە چەمکە فراوانەکەی بەهێز بکات، هاوردەکردن کەم بکاتەوە و ببێتە هۆی دامەزراندنی دەستی کاری عێراقی.
٤- هاندانی وەبەرهێنانی ناوخۆیی و بیانی لە کەرتی کشتوکاڵدا.
٥- گونجاندنی بەکارهێنانی ئاو لە هەموو بوارەکاندا بە بەکارهێنانی هۆکاری پێشکەوتوو و ڕێگریکردن لە بەفیڕۆدانی لەو بەکارهێنانانەی کە ئەم سەروەتە گرنگە لەناو دەبەن.
٦- ئاڕاستەکردنی دامەزراوەکانی توێژینەوەی کشتوکاڵی و زانکۆ و کۆلێژە پسپۆڕەکان بەرەو پەرەپێدانی تەکنیکی کشتوکاڵی؛ کە ببێتە هۆی بەرزکردنەوەی کارایی بەرهەمهێنان و بەستنەوەی زنجیرەکانی دابینکردنی پەیوەندیدار بە پیشەسازییە کشتوکاڵییەکان.
تەوەری حەوتەم: حوکمڕانی و چاکسازیی دامەزراوەیی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی
١- بەهێزکردنی شکۆی دەوڵەت و سەربەخۆیی دامەزراوەکانی و چەسپاندنی پرەنسیپی سەروەری یاسا و یەکسانی لەبەردەمیدا.
بەردەوامی تەوەری حەوتەم: حوکمڕانی و چاکسازیی دامەزراوەیی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی
٢- بنیاتنانی بەرنامەیەکی نیشتمانی گشتگیر بۆ چاکسازیی دامەزراوەیی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی کارگێڕی و دارایی، لەسەر بنەمای میکانیزمە یاسایی و چاودێرییە توندەکان کە لێپرسینەوە لەگەڵ هەموو تێوەگلاوان و گێڕانەوەی مافە گشتییەکان مسۆگەر بکات بە پەیڕەوکردنی پرەنسیپی لێکۆڵینەوە داراییە تەریبەکان.
٣- پەیڕەوکردنی حوکمڕانی دامەزراوەیی لە بەڕێوەبردنی وەزارەت و دەستە گشتییەکاندا، لە ڕێگەی دیاریکردنی بەرپرسیارێتییەکان، و پەسەندکردنی ڕێبەری ڕێکارەکان، و ڕێڕەوی بڕیاردانی ڕوون و سیستمەکانی بەدواداچوون و هەڵسەنگاندنی خولی، بە جۆرێک کە متمانەی هاووڵاتی بە دەوڵەت بەهێز بکات و دادپەروەری لە گەیشتن بە خزمەتگوزاری و هەلەکان مسۆگەر بکات.
٤- بەهێزکردنی سیستمی دەسپاکی و شەفافیەت، لە ڕێگەی پەرەپێدانی تواناکان و میکانیزمەکانی کارکردنی دەزگا چاودێرییەکان؛ بە جۆرێک بەشدار بێت لە کەمکردنەوەی گەندەڵی دارایی و پاراستنی سامانی گشتی مسۆگەر بکات.
٥- بەرزکردنەوەی کارایی ئەدای حکومی و کەمکردنەوەی بیرۆکراسی بە پەیڕەوکردنی بەرنامەکانی گۆڕانی دیجیتاڵی گشتگیر، و چالاککردنی پێوەرەکانی ئەدا و هەڵسەنگاندنی دامەزراوەیی و کوالێتی و حوکمڕانی و بەڕێوەبردنی مەترسییەکان و پابەندبوون.
٦- بنیاتنانی سیستمێکی نیشتمانی دیجیتاڵی بۆ بەڕێوەبردنی داتا و زانیارییەکان و پشتبەستن پێی لە چوارچێوەی میکانیزمی بڕیارداندا.
٧- بەهێزکردنی نامەرکەزییەتی کارگێڕی و دارایی بەپێی چوارچێوەیەکی ڕێکخراو کە کارایی ئەدای پارێزگاکان لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکاندا بەرز بکاتەوە.
تەوەری هەشتەم: پەروەردە و خوێندن
١- بەرزکردنەوەی ئاستی پەروەردە و خوێندنی حکومی و ئەهلی؛ بە جۆرێک کە لەگەڵ گۆڕانکارییەکان و پێداویستییەکانی بازاڕی کاردا بگونجێت.
٢- بەردەوامبوون لە بەرنامەی دروستکردنی قوتابخانەکان لە سندوقی ڕێککەوتنی چوارچێوەیی نێوان عێراق و چین.
٣- تێکەڵکردنی کارامەییەکان لە چوارچێوەی پێگەیاندنی پیشەیی، و دامەزراندنی پڕۆژە پێشەنگەکان و سەنتەرەکانی گەشەپێدان (حاضنات) و شارە زانستییەکان.
٤- ڕاگەیاندنی پڕۆژەیەکی نیشتمانی بۆ پەرەپێدانی تواناکانی دەستەی مامۆستایان و وانەبێژان.
٥- کەمکردنەوەی کورتهێنانی پێویستی بە قوتابخانە، بەتایبەتی لە ناوچە دوورەدەستەکان و پەیڕەوکردنی میکانیزمە نەرم و خێراکان بۆ جێبەجێکردن وەک ژینگەکانی خوێندنی دیجیتاڵی.
٦- ڕاگەیاندنی پڕۆژەی چڕ بۆ پشتگیریکردنی خوێندنی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، بۆ ئەوەی هەموو قۆناغەکانی خوێندن بگرێتەوە بە جۆرێک کە گشتگیرییەکی دادپەروەرانە لە پەروەردە و خوێندندا مسۆگەر بکات.
٧- فراوانکردنی ئاسۆیی و ستوونی بۆ پسپۆڕییە نوێیەکان لە زانکۆ حکومی و ئەهلییەکاندا.
٨- پشتگیریکردنی نێردەو زەمالە خوێندنییەکان بۆ پسپۆڕییە پێویستەکان و پشتگیریکردنی توێژینەوەی زانستی و سەنتەرەکانی و بەهێزکردنی ڕۆڵی سەنتەرە سەربەخۆکانی توێژینەوە.
٩- ڕاگەیاندنی بەرنامەیەکی نیشتمانی بۆ نەهێشتنی نەخوێندەواری.
تەوەری نۆیەم: خزمەتگوزارییە تەندروستی و پزیشکییەکان
١- باشترکردنی کوالێتی خزمەتگوزارییەکانی چاودێری تەندروستی سەرەتایی، و فەراهەمکردنی بۆ هەموو هاووڵاتیان و مسۆگەرکردنی دابەشکردنی دادپەروەرانە و گەیشتنی بە ناوچە دوورەدەستەکان و گوند و لادێکان.
٢- فراوانکردنی سیستمی دەستەبەری تەندروستی (تأمین) بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییە پزیشکی و چارەسەرییەکان و دابینکردنی دەرمان.
٣- بەدواداچوون بۆ ئەزموونی بەڕێوەبردنی کارپێکردنی نەخۆشخانەکان و هەڵسەنگاندنیان بە یارمەتی شارەزاییە جیهانییەکان.
٤- تەواوکردنی پڕۆژە پەککەوتووەکانی نەخۆشخانە و سەنتەرە تەندروستییەکان.
٥- چالاککردنی بەرنامەکانی چاودێری و سەرپەرشتی پزیشکی و تەندروستی بەسەر دامەزراوە گشتی و تایبەتەکاندا.
٦- نوێکردنەوە و نۆژەنکردنەوەی نەخۆشخانە حکومییەکان لە ڕووی ئەداوە، و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری پزیشکی ڕاستەقینە و پەرەپێدانی تەکنیکە تەندروستییەکان و دابینکردنی دەرمان بۆ باشترکردنی کوالێتی ژیان.
٧- نوێکردنەوەی پیشەسازییە دەرمانسازییە ناوخۆییەکان، و پسپۆڕییە پزیشکییە دەگمەنەکان و بەرنامەکانی توێژینەوە و پەرەپێدان.
تەوەری دەیەم: تۆڕەکانی پاراستنی کۆمەڵایەتی و بەرەنگاربوونەوەی هەژاری
١- نوێکردنەوەی ئەو یاسایانەی بازاڕی کار ڕێکدەخەن بە جۆرێک کە نەرمی و پاراستن لە هەمان کاتدا مسۆگەر بکات و بەشدار بێت لە کەمکردنەوەی ڕێژەی بێکاری.
٢- بەرزکردنەوەی ئاستی کارایی و کاریگەری تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی و میکانیزمەکانی کارکردنی بە شێوەیەک کە باشترین سوود بۆ شایستەکان بەدیبهێنێت، و نوێکردنەوەی میتۆدەکانی پاڵپشتی ئاڕاستەکراو بۆ چینە هەژارەکان و تۆڕەکانی پاراستنی کۆمەڵایەتی لە ڕێگەی بەرنامەکانی پاڵپشتی خۆراک و دەستەبەری تەندروستی و بەرنامەکانی دامەزراندن و مەشقکردن.
٣- گۆڕانی پلەبەندی لە هاوکارییەوە بۆ بەهێزکردن (التمکین) لە ڕێگەی پاڵپشتیکردنی کارسازی و پڕۆژە بچووک و مامناوەندەکان و دارایی بچووک (microfinance) بۆ چینە هەژار و لاوازەکان.
٤- بەکارهێنانی ڕاپۆرتی نیشتمانی گەشەپێدانی مرۆیی و ئەنجامەکانی سەرژمێری دانیشتووان، بۆ بەرزکردنەوەی پێوەرەکانی ئاستی داهات و خوێندن و تەندروستی بۆ هەر تاکێک.
تەوەری یازدەیەم: پەیوەندییەکان و تەکنەلۆژیای زانیاری
١- پەرەپێدانی ژێرخانی پەیوەندییەکان و دروستکردنی سەنتەری داتای حکومی بەیەکەوە بەستراو، کە میوانداریکردنی سێف و کارا بۆ سیستمە نیشتمانییەکان و بنکە دراوەکان و ئەپڵیکەیشنە حکومییەکان مسۆگەر بکات.
٢- ڕاگەیاندنی ستراتیژییەکی نیشتمانی بۆ گۆڕانی دیجیتاڵی گشتگیر بە هاوکاری لەگەڵ دامەزراوە نێودەوڵەتییە پسپۆڕەکان
بەردەوامی تەوەری یازدەیەم: پەیوەندییەکان و تەکنەلۆژیای زانیاری
٣- پەیڕەوکردنی ناسنامەی دیجیتاڵی و ڕاگەیاندنی چوارچێوەی نیشتمانی بۆ حوکمڕانی داتا لە عێراق، بە جۆرێک کە تەواوکاری لە ئاڵوگۆڕی داتا و بەدیجیتاڵکردنی (ئۆتۆمەیشن) ڕێکار و خزمەتگوزارییەکان مسۆگەر بکات بە بەکارهێنانی واژۆی ئەلیکترۆنی لە چوارچێوەی پڕۆژەی گۆڕانی دیجیتاڵی گشتگیردا.
٤- فراوانکردنی بەکارهێنانی هەورەژمێری (Cloud Computing) حکومی و پەسەندکردنی پێوەرە نیشتمانییە یەکگرتووەکان بۆ سیستم و ئەپڵیکەیشنە حکومی و تایبەتەکان.
٥- بەهێزکردنی سەنتەرە نیشتمانییەکانی گۆڕانی دیجیتاڵی و ئاسایشی سایبەر و ژیریی دەستکرد و بەهێزکردنی تواناکانیان لە ڕووی دامەزراوەیی و تەکنیکییەوە.
٦- ڕاگەیاندنی پڕۆژەی مۆڵەتی نیشتمانی بۆ مۆبایل بە هاوبەشی لەگەڵ کەرتی تایبەتی عێراقی.
٧- وەبەرهێنان لە پێگە جیۆپۆلیتیکییە ناوازەکەی عێراق؛ بۆ ئەوەی ببێتە وێستگەیەکی بەستنەوەی نێودەوڵەتی بۆ جوڵەی داتا جیهانییەکان و سەنتەرێکی هەرێمی بۆ ئاڵوگۆڕی داتا.
٨- بەهێزکردنی ڕۆڵی ڕێکخستن و چاودێری دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان لە کەرتی تەکنەلۆژیای زانیاری و پەیوەندییەکان، و کۆنترۆڵکردنی ناوەڕۆکی پلاتفۆرمەکانی سۆشیاڵ میدیا بۆ بەهێزکردنی سەقامگیری کۆمەڵایەتی.
تەوەری دوازدەیەم: مافەکانی مرۆڤ و ئافرەت و منداڵ
١- بەهێزکردنی سیستمی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە کەرامەتی مرۆڤ و مسۆگەرکردنی یەکسانی و نەهێشتنی جیاکاری و بەهێزکردنی ئافرەت، وەک هاوبەشێکی کاریگەر و بنەڕەتی لە گەشەپێدان و بڕیاردان، بە جۆرێک کە لەگەڵ دەستووری عێراق و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان و بەها کۆمەڵایەتییەکاندا بگونجێت.
٢- کەمکردنەوەی هەموو شێوەکانی توندوتیژی و جیاکاری دژ بە ئافرەتان و منداڵان، لە ڕێگەی سەروەری یاسا و لێپرسینەوە لە کەیسەکانی پێشێلکاری و دەرکردنی یاساکانی دژ بە توندوتیژی خێزانی و بڵاوکردنەوەی کلتوری مافەکانی مرۆڤ لە دامەزراوەکانی دەوڵەت و کۆمەڵگەدا.
٣- ئامادەکردنی بەرنامەی مەشقی سەرکردایەتی بۆ ئافرەتان لە کاری حکومی و سیاسییدا.
٤- بەهێزکردنی ڕۆڵی ڕێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە مافەکانی مرۆڤ و پاراستنی ئافرەت و منداڵ، و دامەزراندنی دەستەیەکی سەربەخۆ بۆ کاروباری ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کە بەرپرس بێت لە دانانی پلانێکی درێژخایەن بۆ پاڵپشتیکردنی چالاکییەکانیان و بەهێزکردنیان و هەڵسەنگاندنی ڕۆڵی کۆمەڵایەتییان.
تەوەری سێزدەیەم: لاوان و وەرزش
١- گەشەپێدانی واقیعی وەرزشی و بەرزکردنەوەی ناوی عێراق لە هەموو ناوەندە وەرزشییە نێودەوڵەتییەکاندا، و دابینکردنی پشتگیری پێویست بۆ هەموو هەڵبژاردە نیشتمانییەکان لە ڕێگەی لیژنەی ئۆڵۆمپی نیشتمانی عێراق و یەکێتییە وەرزشییەکانەوە.
٢- یارمەتیدان لە داڕشتنی مۆدێلی دارایی بۆ یانە وەرزشییەکان بە شێوەیەک کە یارمەتییان بدات لە دابینکردنی تێچووی چالاکییەکانیان و بەردەوامبوونیان لە ڕێگەی سەرچاوە خودییەکانی خۆیانەوە.
٣- پشتگیریکردنی دەسپێشخەرییەکانی لاوان و دامەزراندنی سەنتەری کارامەیی پیشەیی کە گەنجان توانادار بکات بۆ بەدەستهێنانی ئەو کارامەییانەی بۆ بازاڕی کار پێویستن.
٤- بەهێزکردنی دامەزراوەیی و بەرزکردنەوەی ڕۆڵی گەنجان لە بڕیاردان لە ڕێگەی پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان و ئەنجومەنەکانی گەنجانەوە.
٥- چالاککردنی ڕۆڵی مەکۆکانی گەنجان لە ڕێگەی ئەنجامدانی چالاکی بۆ بەرزکردنەوە و پەرەپێدانی تواناکانیان لە هەموو بوارەکاندا، و جەختکردنەوە لەسەر ئەو شتانەی کە ناسنامەی نیشتمانی و ڕۆحی ئینتیما بەهێز دەکەن.
تەوەری چواردەیەم: ڕۆشنبیری و گەشتوگوزار و شوێنەوار
١- بەهێزکردنی پێگەی شارستانی و ڕۆشنبیری عێراق وەک دەوڵەتێک کە خاوەن قووڵاییەکی شارستانییە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا.
٢- زیندووکردنەوەی کەلەپوور و هێما شارستانییەکانی عێراق لە هەموو چالاکییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکاندا، بە جۆرێک کە ئامادەیی کاریگەری ئەم کەلەپوورە لە نێوان نەتەوەکاندا بگێڕێتەوە، و کارکردن بۆ گێڕانەوەی شوێنەوارەکان.
٣- پەرەپێدانی مۆزەخانەکانی عێراق، و دروستکردنی مۆزەخانەی نوێی تەقلیدی و خەیاڵی (افتراضية)؛ بۆ لەخۆگرتنی شوێنەوارەکان و نمایشکردنیان بۆ سەردانیکەران.
٤- گرنگیدان بە گەشتوگوزاری عێراق و پەرەپێدانی و کردنی بە سەرچاوەیەکی داهات بۆ بودجە، جگە لە ڕۆڵی لە دەرخستنی ناسنامەی نیشتمانی وەک یەکەم وێستگە بۆ ناسینی میراتی شارستانی عێراق.
٥- پەرەپێدانی پڕۆژە ڕۆشنبیرییەکان و دەرخستنی ناسنامەی نیشتمانی و گرتنەبەری پڕۆژەی (ئاسایشی ڕۆشنبیری)، لە ڕێگەی ڕۆڵی ڕۆشنبیری لە کۆمەڵگەی عێراقیدا وەک نوێنەری قووڵایی شارستانی عێراق.
٦- گرنگیدانی تایبەت بە ناوچە کەلەپوورییەکان و سەنتەرە شارستانی و فەرهەنگییەکان.
٧- هەماهەنگی لەگەڵ سەندیکا و یەکێتی و کۆمەڵە پەیوەندیدارەکان بە کاروباری ڕۆشنبیری و کەلەپوور و توانادارکردنیان بۆ بەردەوامبوون لە چالاکییە ڕۆشنبیری و داهێنەرانەکانیان کە ڕۆحی فەرهەنگی عێراقی بەهێز دەکەن.
بنەماکانی جێبەجێکردنی کارنامەکە
١- کارنامەی وزاری لە دیدێکی گشتگیری گشتی حکومەتەوە سەرچاوە دەگرێت، و بە پابەندییەکی نیشتمانی و بەڵێننامەیەک لەبەردەم ئەنجومەنی نوێنەرانی بەڕێز دادەنرێت؛ بۆ مەبەستی خستنەگەڕی تەواوی هەوڵەکان بۆ جێبەجێکردنی بە ڕۆحی دیسپلین و بەرپرسیارێتی و بە یەکخستنی هەوڵی هێزە سیاسییەکان و یەکدەنگی بڕیارەکانیان.
٢- پاڵپشت بەو زانیارییانەی لە ماددەی (١/٣٨)ی پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنی وەزیران ژمارە (٢)ی ساڵی ٢٠١٩دا هاتووە، و لەپێناو ڕێکخستن و ئاسانکاری جێبەجێکردنی کارنامەی وزاری و بەدواداچوونی، حکومەت (دوای بەدەستهێنانی متمانە) کار دەکات بۆ داڕشتنی بەرنامەیەکی حکومی ووردی پشتبەستوو بەم کارنامەیە، کە هەموو وەزارەت و دەستە و لایەنە نەبەستراوەکان بە وەزارەت و هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی دەرەوەی هەرێم بگرێتەوە، بەپێی خشتەیەکی نیشتمانی کۆکەرەوەی گشتگیر و تەواوکار کە ئەمانە لەخۆ دەگرێت: (لەپێشینەکان، ئامانجەکان، بەرنامە و دەسپێشخەرییەکان، ڕێکارەکان، پێوەرەکانی پێوانەکردن، کاتە دیاریکراوەکان، تێچووەکان، سەرچاوەکانی دابینکردنی دارایی، بەرپرسیارێتییەکان، لایەنەکانی پاڵپشتی و پشتیوانی).
٣- حکومەتی فیدراڵی دەسەڵاتی تەواوی هەیە لە هەموارکردنەوەی لەپێشینەکانی کارنامە و بەرنامەکە بەپێی پێداویستییەکانی بەرژەوەندی باڵای دەوڵەت، و زەروورەتە هەرە گرنگەکان (ئەمنی، دارایی، بارودۆخی لەناکاو).
٤- هەموو وەزارەت و دەستەکان و هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی دەرەوەی هەرێم پابەندن بە ئەنجامدانی ئەو ئامانج و ئەرک و بەرپرسیارێتییانەی کە دەکەونە ئەستۆیان، بەپێی یاسا کارپێکراوەکان و لەپێشینەکان و دیاریکەرە نیشتمانییەکان.
٥- جێبەجێکردنی کارنامەکە بە هەموو تەوەرەکانییەوە بەستراوەتەوە بەو تەرخانکردنە داراییانەی کە بۆ جێبەجێکردنی پێویستن لە چوارچێوەی بودجەی گشتی دەوڵەتدا.
07/05/2026