لێکۆڵینەوەکان لە دۆسیەی گەندەڵیی شارەوانیی ئیستانبوڵ بەردەوامە
لێکۆڵینەوە لە دۆسییەی گەندەڵی لە شارەوانیی ئیستانبوڵ بەردەوامە و لە هەڵمەتێکی نوێی دەستگیرکردندا، دەیان بەرپرس و کارمەندی شارەوانییەکە دەستگیر کران.
ئۆپراسیۆنى دەستگیرکردن لەبەرەبەیانى ئەمڕۆ
داواکاریی گشتیی ئیستانبوڵ ڕایگەیاند، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، هێزە ئەمنییەکان، لە کۆی 30 بەرپرس و کارمەندی شارەوانیی ئیستانبوڵ، 29 کەسیان دەستگیر کردووە و دوواین کەسیش بەهۆی ئەوەی لە دەرەوەی وڵاتە، نەتوانراوە دەستگیر بکرێت.
داواکارى گشتى چى دەڵێت؟
داواکاریی گشتیی ئیستانبوڵ دەڵێت، ئەو کەسانەی فەرمانی دەستگیرکردنیان دەرکراوە، تۆمەتبارن بە دروستکردنی سیستمێکی ساختەی بەڵێندەرایەتیی لەناو شارەوانییەکەدا، بەمەبەستی گەندەڵیکردن لە گرێبەستەکانی شارەوانیدا.
داواکاری گشتیی دەشڵێت، هەڵمەتی دەستگیرکردنە بەشێکە لە دۆسییەی لێکۆڵینەوە لەو ڕێکخراوە "تاوانکاری و گەندەڵییە"ی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی زیندانیکراو و دوورخراوەی شارەوانیی ئیستانبوڵ دروستی کردووە.
دۆسییەى ئیمامئۆغڵو
ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، کە لە هەردوو هەڵبژاردنی 2019 و 2024 وەک بەربژێری جەهەپە بە سەرۆکی شارەوانیی ئیستانبوڵ هەڵژێردرا و ئێستاش بەربژێری پارتەکەیەتی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆمار، لە 19ـی ئازاری 2025 لەسەر دۆسیەکانی "گەندەڵی، بەرتیل و تیرۆر" دەستگیرکرا و 23ـی مانگ لەسەر داوای داواکاریی گشتی و بە بڕیاری دادوەر، لەسەر دۆسیەی گەندەڵی زیندانیکرا.
دادگاییکردنى ئیمامئۆغڵو
ڕۆژی پێنجشەممە، 34ـیەمین دانیشتنی دادگاییکردنی ئیمامئۆغڵو و 413 تۆمەتباری دیکەی دۆسییەکە بەڕێوەچوو، بڕیارە دانیشتنەکانی دادگا بەردەوام بن و گوێ لە هەموو تۆمەتبارەکان بگیرێت.
08/05/2026