ئەلفۆنسۆ دەیڤز ڕەنگە مۆندیال لەدەستبدات
یانەی باین میونشن، ئەمڕۆ هەینی ڕایگەیاند کە ئەلفۆنسۆ دەیڤز، بەرگریکاری یانەکە و کاپتنی هەڵبژاردەی کەنەدا، لە ماسولکەکانی ڕانیدا تووشی پێکان هاتووە و بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، ناوبراو "بۆ چەند هەفتەیەک" لە یاریکردن دادەبڕێت، ئەمەش گومان دەخاتە سەر بەشداریکردنی لە یارییەکانی جامی جیهانی.
کەی پێکانەکە ڕوویداوە؟
دەیڤز لە یاریی گەڕانەوەی پێشکۆتایی خولی پاڵەوانەکانی ئەوروپا بەرامبەر پاریس سان جێرمان (1-1) تووشی ئەم پێکانە بووە، چاوەڕوان دەکرێت ئەم یاریزانە 25 ساڵە نەتوانێت لە یارییەکانی دیکەی ئەم وەرزەی بایرن بەشداری بکات و ئێستا لە کێبڕکێی ئامادەبوونەوەدایە بۆ مۆندیال.
هەڵبژاردەی کەنەدا کە یەکێکە لە میواندارانی مۆندیال، لە 12ـی حوزەیران یەکەم یاریی خۆی لە تۆرۆنتۆ بەرامبەر بۆسنە و هەرسک ئەنجام دەدات.
کێشەکانی بەردەم دەیڤز
ئەم پێکانە نوێیە لە کاتێکدایە کە دەیڤز بەدەست زنجیرەیەک پێکان لە ماسولکەکانیدا دەناڵێنێت، ئەوەش دوای گەڕانەوەی لە دابڕانێکی هەشت مانگی بەهۆی پچڕانی بەستەری خاچی (ACL) لە تشرینی یەکەمی ڕابردوودا.
لەگەڵ بایرن ئەم وەرزە کۆتاییهات
باین میونشن کە پێشوەختە بۆ جاری 35ەمین بووە پاڵەوانی 'بۆندسلیگا'، ڕۆژی شەممە ڕووبەڕووی ڤۆلفسبۆرگ دەبێتەوە و لە کۆتا گەڕیشدا میوانداریی کۆلن دەکات، پاشان تیپەکەی ڤینسنت کۆمپانی لە 23ـی ئایاردا لە یاریی کۆتایی جامی ئەڵمانیا (DFB-Pokal) بەرامبەر شتوتگارتی هەڵگری نازناوەکە یاری دەکات.
08/05/2026