باین میونشن تاقیکردنەوە بۆ برایەکی کڤاراتسخێلیا ئەنجام دەدات

تۆرنیکی کڤاراتسخێلیا (16 ساڵ) ، برای بچووکی ئەستێرەی یانەی پاریس سان جێرمانی فەڕەنسی، خڤێچا کڤاراتسخێلیا، لە ئێستادا لەژێر تاقیکردنەوەدایە لەگەڵ یانەی بایرن میونشنی پاڵەوانی خولی ئەڵمانیا.

ئەم هەنگاوە دوای درەوشانەوەی برا گەورەکەی دێت لە یارییەکانی پێشکۆتایی خولی پاڵەوانەکانی ئەوروپا بەرامبەر بە خودی یانەی بایرن میونشن.

ڕاگەیەندراوی فەرمی بایرن

کریستۆف فرۆیند، بەڕێوەبەری وەرزشیی بایرن میونشن، ڕۆژی هەینی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە و گوتی، "بەڵێ، بوونی ئەو یاریزانە لێرە پشتڕاست دەکەمەوە، ئەو لەگەڵ ئێمە ڕاهێنان دەکات."

هەڵسەنگاندنی کڤارای بچووک

 فرۆیند دەربارەی تواناکانی تۆرنیکی دەڵێت، "یاریزانێکی بەهرەمەندە، ڕەنگە زیادەڕۆیی بێت بڵێین لە ئاستی براکەیدایە کە یاریزانێکی جیهانیی نایابە، بەڵام ئەو گەنجێکی لێهاتووە و دەبێت چاوەڕێ بکەین و ببینین کارەکان چۆن بەڕێوە دەچن."

بەرپرسانی بایرن میونشن تاوتوێی واژۆکردنی گرێبەست لەگەڵ ئەم باڵە هێرشبەرییەی یانەی دینامۆ تبیلیسیی جۆرجی دەکەن، بە مەبەستی بەهێزکردنی ڕیزەکانی تیمی لاوانی یانەکە.