کلاسیکۆ.. بەرشەلۆنە بەرەو لوتکە و ڕیاڵ مەدرید لە نێوان پشێویدا
بەرشەلۆنە هەنگاوێکی ماوە بۆ بەدەستهێنانی دووەم نازناوی لالیگای لەسەریەک، لە گەڕی 35دا لە یاریگای 'کامپ نو' میوانداریی ڕیاڵ مەدرید دەکات.
'بلاوگرانا' بە پێشەنگی و بە جیاوازی 11 خاڵ لە ڕکابەرەکەیەوە دەچێتە ناو یارییەکەوە، ئەمەش وا دەکات تەنیا یەکسانبوونێک بەس بێت بۆ ئەوەی سێ هەفتە پێش کۆتایی خولەکە، بە فەرمی ببێتە پاڵەوانی وەرز.
هانسی فلیک، ڕاهێنەری بەرشەلۆنە چاوی لەوەیە وەرزەکە بە باشترین شێوە کۆتایی پێ بهێنێت و بردنەوە لە چوار یاریی داهاتوودا یانەکە دەگەیەنێتە 100 خاڵ و ڕیکۆردی پێوانەیی مێژووی لالیگا یەکسان دەکاتەوە.
هەروەها دەتوانن ڕیکۆردی زۆرترین بردنەوە لە وەرزێکدا (32 بردنەوە) بشکێنن، کە تا ئێستا 29یان مسۆگەر کردووە.
ئەم کلاسیکۆیە بەهۆی گەڕانەوە بۆ "کامپ نو" دوای سێ ساڵ نۆژەنکردنەوە، گرنگییەکی مێژوویی تایبەتی هەیە.
لە ڕووی پێکهاتەوە، کەتەلۆنییەکان بەهۆی پێکانەوە لە تواناکانی لامین یامال بێبەش دەبن، بەڵام گەڕانەوەی ڕافینیا گوڕوتین دەداتە تیمەکە تاوەکو بەسەر ڕیاڵ مەدریددا سەربکەوێط، کە یەکەمجار دەبێت یانەکەی کەتەلۆنیا لە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی کلاسیکۆدا نازناوی وەرز بە ڕووی مەدریدییەکاندا یەکلایی بکاتەوە.
لە بەرامبەردا، ڕیاڵ مەدرید بە دۆخێکی قەیراناویدا تێدەپەڕێت وگرژییەکانی ناو ژووری جلگۆڕین، بەتایبەت دەمەقاڵێی نێوان فیدی ڤالڤێردی و ئۆریلین چوامینی یانەکەی ڕووبەڕووی ئاستەنگی کردووەتەوە.
ڤالڤێردی بەهۆی پێکان لە سەریدا بەشداریی یارییەکە ناکات و ئێمباپێش گومانی لەسەرە، بەڵام هیواکانی 'لۆس بلانکۆس' لەسەر تواناکانی ڤینیسیۆس جۆنیۆر هەڵچنراوە.
بەرشەلۆنە دەیەوێت سوود لە ناسەقامگیری ڕکابەرەکەی وەربگرێت و لە ناو یاریگای خۆیدا ئاهەنگی نازناوەکە بگێڕێت، لە کاتێکدا ڕیال مەدرید هەوڵ دەدات بە دواخستنی ئەو ئاهەنگە، وەرزەکەی لە هەرەسھێنانی تەواوەتی ڕزگار بکات.
08/05/2026