دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ئاشکراکردنی ڕێکخراوێکی نهێنیی حیزبى بەعسى ڕاگەیاند

ساتی دەستگیرکردنی بەشێک لە سەرکردە و ئەندامانی حیزبی بەعسی قەدەغەکراو
ساتی دەستگیرکردنی بەشێک لە سەرکردە و ئەندامانی حیزبی بەعسی قەدەغەکراو

 دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ڕایگەیاند، توانیویانە دزەبکەنە ناو ڕێکخراوێکی نهێنی سەر بە حیزبى بەعسى قەدەغەکراو و سەرکردەکانى دەستگیر بکەن.

ڕێکخراوێکی نهێنیی حیزبی بەعسی قەدەغەکراو

لە ڕاگەیێنراوێکى دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ئاماژە بەوە کراوە ، "دەزگاکەمان لە ئۆپراسیۆنێکدا ڕێکخراوێکی نهێنی حیزبی بەعسی قەدەغەکراوی  ئاشکراکردووە، کە بە نهێنی لە ڕێگەی پلاتفۆرم و گرووپ و پەخشی تایبەتەوە چالاکییان ئەنجام دەدا".

دزەکردنە ناو هەژمار و پلاتفۆرمەکانیان

بەگوێرەى ڕاگەیێنراوەکە، "مەفرەزەکانی دەزگاکە، لە ڕێگەی ئۆپراسیۆنەکانی چاودێریکردن و بەدواداچوون، توانییان دزە بکەنە ناو هەژمار و پلاتفۆرمە پەیوەندیدارەکانی ئەو پێکهاتەیە و کۆنترۆڵیان بکەن و بەڕێوەیان ببەن، لەگەڵ چاودێریکردنی ورد و بەردەوامی پەیوەندی و جموجۆڵەکانی ئەندام و سەرکردەکانیان".

لە چەند پارێزگایەک ژمارەیەک سەرکردەیان دەستگیرکراوە

لە ڕاگەیێنراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە ، "دوای تەواوبوونی وێنە هەواڵگرییەکە و دەستنیشانکردنی ئامانجەکان، دەزگای ئاسایشی نیشتمانی چەند ئۆپراسیۆنێکی لە چەند پارێزگایەک ئەنجامدا کە بووە هۆی دەستگیرکردنی ژمارەیەک لە سەرکردە و ئەندامانی ڕێکخراوەکە، جگە لە دەستبەسەرداگرتنی ئامێر و بەڵگەنامە و هۆکارەکانی پەیوەندی کە پەیوەست بوون بە چالاکییە ڕێکخراوەییە قەدەغەکراوەکە".

چوونە ناو پەخشی ڕاستەوخۆی ئەندامانی پێکهاتەکە

ئەوەش ڕوونکراوەتەوە ، "لە کاتی یەکێک لە پەخشە ڕاستەوخۆکاندا کە سەرکردە و ئەندامانی پێکهاتەکەی کۆکردبووەوە، "ئەرشەد حاکم" گوتەبێژی فەرمیی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بە شێوەیەکی لەناکاو لەناو هەمان پەخشدا دەرکەوت و ڕایگەیاند کە پەخشەکە کەوتووەتە ژێر کۆنترۆڵی دەزگاکە و ئەوەی بە نهێنی بەڕێوەدەبرا، ئێستا بە تەواوی لەبەردەم دەزگا پەیوەندیدارەکاندا ئاشکرایە، ئەمەش دوای چەندین مانگ لە دزەکردن و بەدواداچوون".

دزەکردنە تووشی سەرلێشێواندنی کردن

لە ڕاگەیێنراوێکى دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دا جەختیش کراوەتەوە "ئەم دزەکردنە بووە هۆی دروستبوونی بارودۆخێکی سەرلێشێواویی گەورە لە نێوان بەشداربووانی ناو پەخشەکە، لە کاتێکدا بە تەواوی بێدەسەڵات بوون لە وەڵامدانەوە یان تێگەیشتن لەوەی ڕوویداوە، بەتایبەت دوای دڵنیابوونەوە لەوەی کە زۆربەی سەرکردەکانی پێکهاتەکە لە ماوەی ڕابردوودا لە ناو خودی دەزگاکەوە لە ڕووی هەواڵگرییەوە چاودێری کراون و بەڕێوە براون".