فەهمی بورهان: نەبوونی یەکڕیزی بووەتە هۆی باسنەکردنی ماددەی 140 لە کارنامەکەی عەلی زەیدی دا
سەرۆکى دەستەى گشتیی ناوچەکوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێمى کوردستان ڕایگەیاند، لەکارنامە چواردە خاڵییەکەى عەلى زەیدى هیچ باس لە ماددەى 140نەکراوە، دەڵێت، هۆکارەکەشى ئەوەیە کە کورد یەکگرتوو یەکڕیز نەبووە، داواش لە پەرلەمانتارانى کورد دەکات، پارێزگارى لە ماف و دەستکەوتەکان لە چوارچێوەى دەستوور بکەن.
"هیچ ڕووبەرێکی بۆ کێشە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان تێدا نییە"
فەهمى بورهان، سەرۆکى دەستەکە دەڵێت، کارنامەی چوار ساڵی داهاتووی (عەلی زەیدی) لە چواردە بەش پێکهاتووە، هیچ ڕووبەرێکی بۆ کێشە دەستورییەکانی خەڵکی کوردستان تێدا نییە.
نەبوونی یەکڕیزی هۆکاری نادیدەگرتنی ماددەی 140ـە
سەرۆکى دەستەى گشتیی ناوچەکوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێمى کوردستان دەشڵێت، ڕاستە ڕیزی کوردی یەک و یەکگرتوو نییە، بۆچوونمان وایە هەر ئەمە هۆکاری بنچینەیی بووە تاوەکو ماددەی 140ـی دەستوور و ماف و داوا ڕەواکانمان نادیدەبگیرێت، بۆیە پێویستە هەموو هێزە سیاسیە کوردستانییەکان، درک بەو ڕاستییە بکەن ئەم کارنامەیە نەخشەڕێگەی چوار ساڵی داهاتووە و کارتى مامەڵەکردنی حکومەتی نوێ یە لەگەڵ هەرێمى کوردستان.
یەکخستن بۆ پرسی خاک و دەستکەوتەکانی گەلەکەمان
سەرۆکى دەستەى ناوچەکوردستانییەکان جەختدەکاتەوە، هەنگاوى دروست ئەوەیە ئەم قۆناغە تێپەڕێنین و پرسی خاک و دەستکەوتەکانی گەلەکەمان یەکمان بخات، نامەیەکیش بەهاوبەشی بە بەغدا بگەیەنین سەربارى پشتیوانى لەکابینەى نوێ، بەڵام بە کەمتر لە ماددەى 140 ڕازى نابین.
لە چوارچێوەی دەستووردا پارێزگاری لە مافەکانمان بکرێت
فەهمی بورهان، سەرۆکى دەستەى ناوچە کوردستانییەکان داوایەک ئاڕاستەى نوێنەرانى کورد لە بەغداد دەکات و دەڵێت، ئەرکى ئەوان ئەوکاتەیە کە کارنامەکە دێتە ناو هۆڵى ئەنجوومەنى نوێنەران، بۆیە داوا دەکەین، لە چوارچێوەی دەستووری بڕیارلێدراودا پارێزگاری لە ماف و دەستکەوتەکانمان بکەن.
کارنامەکەی عەلی زەیدی و ماددەی 140
دوێنێ عەلی زەیدی، ڕاسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەتی عێراق، کارنامەی چوار ساڵی حکومەتی داهاتووی عێراقی ڕادەست بە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کرد، کە لە 13 لاپەڕە و 14 بەند پێکهاتووە، نەخشەڕێگەی حکومەت بۆ قۆناغی داهاتوو لە بوارەکانی ئەمنی، سیاسی و ئابووری دیاری دەکات و باسی ماددەی 140 ناکات و کێشە داراییەکانی بەغداد و هەولێریش لە هیچکام لە بڕگەکانی نێو کارنامەکەی باسیان لێوە نەکراوە.
08/05/2026