بەشێک لە کارمەندانی تەندروستیی دهۆک مانیانگرتووە و کارمەندانی نەخۆشخانەی ئازادیی دهۆکیش هەڕەشەی مانگرتن دەکەن
مانگرتنی بەشێک لە کارمەندانی تەندروستیی دهۆک بەردەوامە و کارمەندانی خۆبەخشی نەخۆشخانەی ئازادیش لە شارەکە هەڕەشەی مانگرتن دەکەن.
25 کارمەندی خۆبەخشی دوو نەخۆخشانە مانیان گرتووە
لە ڕۆژی سێشەممەی ڕابردووەوە زیاتر لە 25 کارمەندی خۆبەخشی دوو نەخۆشخانەی شاری دهۆک مانیان گرتووە و بایکۆتی دەوامیان کردووە، تاوەکو ئێستاش نەگەڕاونەتەوە سەرکارەکانیان.
کارمەندانی کام یەک لە نەخۆشخانەکان مانیان گرتووە؟
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کەناڵ8، لەو 25 کارمەندەی بایکۆتیان کردووە، 17یان کارمەندی نەخۆشخانەی هێڤی منداڵان و هەشتیان کارمەندی نەخۆشخانەی لەدایکبوونی منداڵانن.
ناڕەزایەتی بەرامبەر بە دامەزراندنی دەرچووانی زانکۆی ئەمریکی لە دهۆک
ئەو 25 کارمەندە خۆبەخشە لە هەردوو نەخۆشخانەی هێڤی منداڵان و نەخۆشخانەی لەدایکبوون، ناڕەزاییان لە دامەزراندنی ژمارەیەک دەرچووی کۆلێژی پزیشکی زانکۆی ئەمریکی لە شاری دهۆک دەربڕیوە و بڕیاریانداوە بایکۆتی دەوام بکەن و بچنە ماڵەکانیان.
هەشت ساڵ خزمەتیان هەیە و دانەمەزراون
بەشێک لەو کارمەندانەی بایکۆتیان کردووە، زیاتر لە هەشت ساڵ خزمەتیان هەیە و سەرباری ئەوەی کە بە هەمیشەیی دانەمەزرێنراون، بە گرێبەستیش قبوڵنەکراون.
داوای دامەزراندن دەکەن
هەر بەگوێرەی زانیارییەکانی کەناڵ8، کارمەندانی هەردوو نەخۆشخانەکە داوایان لەلایەنی پەیوەندیدار کردووە، کە داواکارییەکانیان جێبەجێبکەن کە بریتییە لە دامەزراندنی کارمەندانی گرێبەست و ڕایانگەیاندووە، ئەگەر وەڵامی داواکارییەکانیان نەدرێتەوە بەردەوامدەبن لە بایکۆتکردن و ناگەڕێنەوە سەرکارەکانیان.
کارمەندانی خۆبەخشی نەخۆشخانی ئازادیی دهۆک هەڕەشەی مانگرتن دەکەن
ڕۆژی پێنجشەممە بەشێک لە کارمەندانی خۆبەخشی نەخۆشخانەی ئازادی لە دهۆک، کە گەورەترین نەخۆشخانەی شارەکەیە هەڕەشەی مانگرتنیان کرد و ڕایانگەیاند، ئەگەر تاوەکو ڕۆژی یەکشەممە واتە سبەی وەڵامیان نەدرێتەوە و داواکارییەکانیان جێبەجێنەکرێت ئەوانیش ماندەگرن.
پرۆسەی دامەزراندن لە 2016ـەوە
لە ساڵی 2016ـەوە بە بیانووی قەیرانی داراییەوە تاوەکو ئێستا پرۆسەی دامەزراندن لە هەرێمی کوردستان ڕاگیراوە، سەرباری ئەوەی کە تاوەکو ساڵانی ڕابردوو دامەزراندنی دەرچووانی کۆلێژەکانی پزیشکی بەردەوامبوو، بەڵام دامەزراندنی ئەوانیش لە دوو ساڵی رابردوودا ڕاگیراوە.
دامەزراندنی 20 دەرچووی کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی ئەمریکی لە دهۆک
لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا لەسەر فەرمانی تایبەتی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، زیاتر لە 20 دەرچووی کۆلێژی پزیشکی زانکۆی دهۆک بڕیاری دامەزراندنیان بۆ دەرکرا و ئەوەش ناڕەزایی گەورەی لەناو دەرچووانی کۆلێژەکانی پزیشکی شارەکانى دیکەى هەرێمى کوردستان بەدوای خۆیدا هێنا.
09/05/2026