ئەردۆغان: جەخت لە خواستمان بۆ ئەندامێتی لە یەکێتیی ئەوروپا دەکەینەوە

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتەکەی و یەکێتی ئەوروپا، ڕایگەیاند، هەرچەندە جەخت لە خواستمان بۆ ئەندامێتیی لە یەکێتییەکە دەکەینەوە بەڵام  لە داهاتوودا یەکێتیی ئەوروپا پێویستی زیاتری بە تورکیا دەبێت .

کاریگەریی جەنگەکان لەسەر ئاستی جیهان

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بەبۆنەی 9ـی ئایار کە بە ڕۆژی ئەوروپا ناسراوە و پەیامێکی بڵاوکردەوە و تیایدا دەڵێت: "جەنگەکان، قەیرانە سیاسییەکان و ئاستەنگە ئابوورییەکان کە کاریگەرییەکانیان لەسەر ئاستی جیهان هەستی پێدەکرێت، وایکردووە پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی گشتگیرتر لەلایەن یەکێتیی ئەورووپاوە ببێتە پێویستییەکی حەتمی".

داوای تورکیا بۆ ئەندامبوون لە یەکێتیی ئەوروپا توخمێکی سەرەکییە

ئاماژەی بەوەشکردووە، تورکیا وەک وڵاتێکی بەربژێر بۆ ئەندامێتیی لە یەکێتیی ئەورووپا، بە بەردەوامی "وەک توخمێکی سەرەکی و دانەبڕاو"ی ئەم پرۆسەیە دەمێنێتەوە.

"یەکێتیی ئەوروپا بێ تورکیا لاواز دەبێت"

ئەردۆغان باسی لەوەکردووە، ئەو بنەمایانەی 76 ساڵ لەمەوبەر یەکێتیی ئەوروپای لەسەر دامەزرا، لە ئێستادا کەوتووەتە ژێر تاقیکردنەوەی قەیرانگەلێکی فرەڕەهەندەوە و دەڵێت: "لەو قۆناغەی ئەمڕۆ تیایداین، ئەوە ڕوون بووەتەوە ئەگەر یەکێتی ئەوروپی جێگەیەکی شایستە بە تورکیا نەبەخشێـت ، ئەوا بە ناتەواوی دەمێنێتەوە و لە بەڕێوەبردنی قەیرانەکاندا تووشی لاوازی دەبێت".

"یەکێتیی ئەوروپا پێویستی بە تورکیایە"

سەرۆککۆماری تورکیا جەخت لە گوتەیەکی پێشتری خۆی دەکاتەوە و دەڵێت: "پێویستیی یەکێتیی ئەورووپا بە تورکیا زۆر زیاترە لە پێویستیی تورکیا بە یەکێتییەکە و لە داهاتوودا ئەم پێویستییە زیاتریش دەبێت."

هیوای ئەردۆغان لە یەکێتیی ئەوروپا

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان جارێکی دیکە خواستی ئەندامێتیی ئەنقەرە لە یەکێتیی ئەوروپا دەخاتەڕوو و هیوای خواستووە، هەمان ئیرادە لەلایەن یەکێتییەکەشەوە نیشان بدرێت.