زیندانیکراوێکی کورد لە مێژووی تورکیا زۆرترین ساڵ لە زیندان ماوەتەوە

نەدیمە یاکلاڤ 34 ساڵە لە زیندانەکانی تورکیادایە و ئازادکردنی دواخراوە
نەدیمە یاکلاڤ 34 ساڵە لە زیندانەکانی تورکیادایە و ئازادکردنی دواخراوە

زیندانیکراوێکی سیاسیی کورد، 34 ساڵە لە زیندانەکانی تورکیادایە و حەوت جار ئازادکردنی دواخراوە، بەو جۆرەش بووەتە ئەو زیندانیکراوەی، لە مێژووی تورکیادا زۆرترین ساڵ لە بەندیخانەدا ماوەتەوە.

لە ساڵی 1993دا زیندانکرا

نەدیمە یاکلاڤ، لە ساڵی 1993 دەستگیرکرا و بەتۆمەتی هەوڵدان بۆ تێکدانی یەکبوونی دەوڵەت و یەکێتیی وڵات، خرایە زیدان، بە هەمان تۆمەت لەلایەن دادگای تورکیاوە، بە زیندانیکردنی هەمیشەیی قورسکراو حوکمدراوە.

دوای 30 ساڵ ئازادکردنەکەی دواخرا

بەگوێرەی سزاکەی، دەبوو نەدیمە پاش 30 ساڵ زیندانیکردن و لە یەکی نیسانی 2023 ئازاد بکرێت، بەڵام ئەو ساڵە ئازادکردنەکەی دواخرا.

 ماوەی زیندانیکردنەکەی درێژکراوەتەوە

لەو ساڵەوە تاوەکو ئێستا دوو جار بە سێ مانگ، دوو جار بە شەش مانگ و جارێکیش بە نۆ مانگ و دوو جاری دیکەش بە چەند مانگێک هێشتنەوە لە زیندان و دواخستنی ئازادکردنی، سزا دراوە، کە دوواین جار حەوتی ئەم مانگە بوو.

7 جار ئازادکردنەکەی دواخراوە

بە کۆی گشتی، تاوەکو ئێستا نەدیمە یاکلاڤ، حەوت جار ئازادکردنی دواخراوە و بەو جۆرەش ماوەی زیندانیکردنەکەی دەگاتە 35 ساڵ، ئەوەش دەیکاتە یەکەمین کەس کە لە مێژووی تورکیادا، زۆرترین ساڵ لە زینداندا ماوەتەوە.

بە پاساوی "ڕەفتاری نەشیاو" ئازاد ناکرێت

هۆکاری ئازادنەکردنی نەدیمە کە ئێستا لە زیندانی سنجانی ژنانە لە ئەنقەرە، "ڕەفتاری نەشیاو" نییە، وەک فاتمە سوروجو، ئەندامی ڕێکخراوی پارێزەران بۆ ئازادی دەڵێت، ئەو بڕیارەی زیندان پێشێلکارییە و پەیوەندی بە ڕابردووی سیاسیی نەدیمەوە هەیە.

"پێشێلکارییەکی ئاشکرا و ڕوون"

سوروجو ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرەڕای ئەوەی پێویستە هەر شەش مانگ جارێک هەڵسەنگاندنەوە بۆ بڕیاری ئازادکردن بکرێت، بەڵام هەڵسەنگاندنەکەی نەدیمە بۆ یەک ساڵە کە ئەوەش پێشێلکارییەکی ئاشکرا و ڕوونە.

پاش 34 ساڵ زیندانیکردن دیسانەوە لێکۆڵیینەوەیان لەگەڵ کردووە

وەک سوروجو دەڵێت، پاش 34 ساڵ زیندانیکردن، بەڕێوەبەرایەتیی زیندان لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ نەدیمە کردووە و پێیان گوتووە؛ هیچ سەربازێکت کوشتووە؟ کە ئەوەش دیسانەوە دادگاییکردنە.

3 ژنی دیکەش ئازادکردنیان دواخراوە

تەنیا نەدیمە نییە و بە گوتەی سوروجو، سێ ژنی دیکە کە لە زیندانی سنجانن، ئازادکردنیان دواخراوە.

ژمارەیەکی زۆر کەسی دیکە بە 30 ساڵ زیندانیکردن سزادراون

پێشتر کەرەم جانپۆڵات، هاوسەرۆکی فیدراسیۆنی ڕێکخراوەکانی هاودەنگی و یاسایی کەسوکاری زیندانیکراو و سزادراوانی مێد ناسراو بە "مێد توهاد-فەد" بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاندبوو، لەماوەی پێنج دەیەی ڕابردوودا، ژمارەیەکی زۆر ئەندام، بەرپرس و لایەنگری پەکەکە لە تورکیا دەستگیرکران و بە زیندانیکردنی هەمیشەیی سزادران، کە دەکاتە 30 ساڵ زیندانیکردن.

700 کەس سزای زیندانی هەمیشەییان لەسەرە

لەبارەی ژمارەی ئەو کەسانەوە جانپۆڵات گوتی، ژمارەیەکی تەواو لە بەردەستدا نییە، بەڵام نزیکەی 700 کەس هێشتا لە زیندانەکاندان، کە بە زیندانیکردنی هەمیشەیی سزادراون.

پرۆسەی ئاشتیش نەبووەتە هۆی ئازادکردنیان

لەگەڵ دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتی لە یەکی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردووەوە، چاوەڕوندەکرا زیندانیکراوە سیاسییەکان ئازادبکرێن، بەڵام هێشتا ژمارەیەکی زۆر زیندانیکراو، سەرەڕای تەواوکردنی 30 ساڵ زیندانیکردن، ئازادنەکراون.

"جیاکاری، دابەشکردنی خاکی تورکیا و دابڕینی بەشێک لە خاکی تورکیا"

ئەو کەسانەی بە زیندانیکردنی هەمیشەیی لە زینداندان، لەسەر دۆسییەی پەکەکە و بە تۆمەتی "جیاکاری، دابەشکردنی خاکی تورکیا و دابڕینی بەشێک لە خاکی تورکیا"، لەلایەن دادگای ئاسایشی دەوڵەتەوە سزادراون. زۆربەی ئەو کەسانەی ئێستا لە زیندانن و بەهەمیشەیی سزادراون، لە ناوەڕاستی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو، دەستگیرکران و سزادراون.