پزیشکیان داوا لە ئێرانییەکان دەکات دەست بە بەکارهێنانی وزەوە بگرن

مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران

مەسعود پزیشکیان سەرۆککۆماری ئێران بۆ جاری دووەم داوا لە هاوڵاتییانی وڵاتەکەی کرد دەست بە بەکار‌هێنانی وزەوە بگرن، ئەوە لە کاتێکدایە گەمارۆى ئەمریکاى بۆ سەر بەندەرەکان 27 ڕۆژى تێپەڕاندووە.

"هەڵمەتی نیشتمانی بۆ چاکسازی لە کولتووری بەکارهێنانی وزە"

بەگوێرەی ئاژانسی ئیرنا، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، لە کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە پێداچوونەوە بە پلانەکانی کابینەی حکومەت بۆ بەڕێوەبردنی بەکارهێنانی وزە، ڕایگەیاند، وڵات پێویستی بە "هەڵمەتێکی نیشتمانی بۆ چاکسازی لە کولتووری بەکارهێنانی وزە" هەیە.

گونجاو بەکارهێنانی وزە

سەرۆککۆماری ئێران ئەوەشی گوت، "ئامانجی حکومەت تەنیا جێبەجێکردنی ڕێکارێکی تەکنیکی نییە، بەڵکو دامەزراندنی کولتوورێکی گشتی کەمکردنەوەی بەکارهێنانی وزە و بەکارهێنانی گونجاوە لە سەرچاوەکانی وڵات".

"لە جیاتی 10 گڵۆپ 2 گڵۆپ هەڵبکەن"

ئەم لێدوانانەی پزیشکیان دواى دوو هەفتە لە داواکارییەکى دیکەى هات بۆ دەستگرتن بە بەکارهێنانى کارەباوە و ئەوکات داواى لە هاوڵاتییانى کرد لە "جیاتى هەڵکردنى 10 گڵۆپ دوو گڵۆپ بەسە".

قەیرای قووڵی وزە لە ئیران

داواکارییەکەى پزشکیان لە کاتێکدایە، وڵاتەکەی بە قەیرانێکی قووڵی وزەدا تێدەپەڕێت، چونکە هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل زیانی ستراتیجییان بە وێستگەکانی بەرهەمهێنان و تۆڕەکانی گواستنەوە گەیاندووە، هاوکات ماوەی 27 ڕۆژە بەندەرەکانی ئێران لەژێر گەمارۆی دەریایی ئەمریکادان، ئەمەش ئاڵوگۆڕی بازرگانی و دابینکردنی پێداویستییە لۆجستییەکانی کەرتی وزەی پەکخستووە.