سوننە داواکارییەکانی داوەتە عەلی زەیدی "دۆسییەی بێسەروشوێنان و لێبووردنی گشتی دیارترین داواکارییەکانی سوننەن"

سوننە داواکارییەکانی داوەتە عەلی زەیدی
سوننە داواکارییەکانی داوەتە عەلی زەیدی

لەگەڵ مشتومڕى گەرم لەسەر دابەشکردنى پۆستە وزارییەکان، ئەنجوومەنى سیاسیی سوننەکان، لە وەرەقەى ڕێککەوتنى سیاسیدا، داواکارییەکانى بۆ بەشداریکردن لە حکومەتى نوێ خستووەتە بەردەم عەلى زەیدى، سەرۆکوەزیرانى ڕاسپێردراو.

داواکارییەکانی سوننە لە عەلی زەیدی

دۆسیەى بێسەروشوێنان، گەڕانەوەى ئاوارەکان، ئاوەدانکردنەوەى ناوچە ڕزگارکراوەکانى ژێر دەستى داعش، دەستگیرکراوان و یاساى لێبوردنى گشتى، گرنگترین ئەو داواکارییانەن ئەنجوومەنى سیاسیی سوننەکان لە وەرەقەکەیدا ئاماژەى پێکردووە.

ناکۆکی لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان و بەرکەوتەی سوننە

پێناچێت مشتومڕ و ناکۆکییەکان لەسەر دابەشکردنى پۆستە وزارییەکان، دەرفەتى ئەوەى بۆ سوننەکان هێشتبێتەوە پێداگریی زۆر لەسەر داواکارییەکانیان بکەن. ناکۆکیی لەسەر بەرکەوتەى سوننە کە شەش وەزارەتە، خەریکە ئەنجوومەنى سیاسى کە بە چەترى کۆکەرەوەى لایەنەکانی سوننە دادەنرێت، بەرەو هەڵوەشانەوە دەبات.

بۆ بەشداریی هاوپەیمانیی عەزم گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتن

هاوپەیمانیى عەزم، وەک ئاماژەیەک بۆ بێهیوابوونى لە ئەنجوومەنەکە، بەجیا ناوى بەربژێرەکانى بۆ پۆستە وزارییەکان پێشکەش بە عەلى زەیدى کردووە. عەزم لە ڕاگەیێنراوێکدا ئاماژەى بەوەکردووە، دواى زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوە و بە هەوڵى ژمارەیەک لە هێزەکانى چوارچێوەى هەماهەنگى لەگەڵ سەرۆکوەزیرانى ڕاسپێردراو، گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتن لەبارەى بەشدارییکردنى هاوپەیمانیی عەزم لە حکومەتى داهاتوو.

بەشێک لە پۆستی سوننەکان لە کابینەی نوێی عێراقدا

هاوکات بەگوێرەى بەدواداچوونەکانى کەناڵ8 لە بەرکەوتەى سوننەکان، وەزارەتى ڕۆشنبیرى بۆ ئەحمەد هاوپەیمانیى جەماهیر و وەزارەتى بەرگریی بۆ هاوپەیمانیى عەزم دانراوە، جێگرى سەرۆککۆماریش بۆ حیزبى تەقەدووم دەبێت کە محەممەد تەمیم پۆستەکە وەردەگرێت، دەگوترێت حەلبووسى خۆى ئەو پۆستە وەرناگرێت و دەیەوێت وەک سەرکردەى سوننەکان ڕۆڵ ببینێت.