لە دوای سووڕی مانگانە چۆن پلان بۆ دووگیانی دابنرێت؟

وێنەی منداڵێکی تازەلەدایکبوو
وێنەی منداڵێکی تازەلەدایکبوو

ئەگەر خانمان ئارەزوو دەکەن بە خێرایی لە دوای سووڕی مانگانە دووگیان ببن، ئەوا پێویستە ماوەی سووڕی مانگانەکە و ڕۆژی ھێلکەدانانیان بزانن، د.هاژە عەبدوڵڵا، پزیشكی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی ژنان و منداڵبوون، چەند خاڵێک سەبارەت بە ئەم بابەتە بۆ خانمان ڕوون دەکاتەوە.

خانمان چۆن بزانن لە چ ڕۆژێکدا هێلکەیان دادەبەزێت؟

ئاستی ھۆڕمۆنەکانی جەستەی خانمان لە کاتی دەرچوونی ھێلکە لە ھێلکەدان گۆڕانکاری بەسەردا دێت، بە ئەم حاڵەتەش دەوترێت پڕۆسەی ھێلکەدانان، بەشێوەیەکی ئاسایی پڕۆسەی ھێلکەدانان بە نزیکەیی لەناوەڕاستی سووڕی مانگانە دوای تەواوبوونی خوێنبەربوونی سووڕی مانگانەکە ڕوودەدات، بۆیە ئەگەر ماوەی سووڕێک بۆ سووڕێکی دیکەی مانگانە،  28 ڕۆژ بێت، ئەوا دەبێت خانمان بزانن لە نۆ بۆ 21 ڕۆژی دوای تەواوبوونی خوێنبەربوونی سووڕی مانگانە پڕۆسەی هێلکەدانان ڕوودەدات، بۆ ئەم مەبەستە دەبێت ماوەی ھێلکەدانان دیاری بکرێت لە ماوەی 24 کاتژمێردا، ھەروەھا دەبێت ئەوەش بزانرێت تۆوی پیاوان بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ لەناو کۆئەندامی زاوزێی خانماندا دەمێنێتەوە، بۆیە ئەگەر لەو ماوەیەدا ھێلکە لە ھێلکەدان دەربچێت، ئەوا دەکرێت کرداری پیتاندن ڕووبدات.

ئایا دەکرێت لە دوای سووڕی مانگانە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ دووگیانبوون ڕووبدات؟

ژمارەی ڕۆژەکانی سووڕی مانگانە لە خانمێکەوە بۆ خانمێکی دیکە دەگۆڕێت، ئەمەش کاریگەریی دەبێت لەسەر ماوەی پڕۆسەی ھێلکەدانان، بۆیە بۆ تێگەیشتنی ئەم بابەتە پێویستە خانمان چاودێریی سووڕی مانگانەیان بکەن، ھەربۆیە ئەگەر ماوەی سووڕی مانگانە درێژخایەن بێت، ئەوا ماوەی نێوان سووڕێک بۆ سووڕێکی دیکە کورت دەبێت، بەم شێوەیەش ڕەنگە ماوەی پڕۆسەی ھێلکەدانان درەنگتر بکەوێت و بگاتە ڕۆژەکانی کۆتایی بەر لە چوونەناو سووڕێکی نوێ.

نیشانەکانی پڕۆسەی هێلکەدانانی خانمان چین؟

دەکرێت پڕۆسەی هێلکەدانانی خانمان چەندین نیشانەی هەبێت، لەوانە:

  1. گۆڕانی پلەی گەرمی جەستەی خانمەکە، ئەگەر بە تێکڕایی 0.4بۆ یەک پلە، پلەی گەرمی جەستەی خانمەکە بەرزبووەوە، بەڵام ئەم پلەیە دوای ھەستان لە خەو نابێت ھەژمار بکرێت
  2. گۆڕانی دەردراوەکانی ئەندامی زێی خانمان: لە ماوەی پڕۆسەی ھێلکەدانان دەردراوەکانی زێ زیاتر لینج دەبن، بەھۆی ئەوەی جەستەی خانمەکە خۆی بۆ پڕۆسەی پیتاندن ئامادە دەکات
  3. بوونی ئازار: بوونی ئازار لە ناوچەی لایەکی سک، بەھۆی دەرچوونی ھێلکەوەیە لە ھێلکەدان، ھەرچەندە ئەم ئازارە بۆ ماوەی چەند خولەکێکە، بەڵام دەکرێت لە ماوەی 24 بۆ 48 کاتژمێر دووبارە ببێتەوە