پرسى جیاکردنەوەى ئایین و دەوڵەت لە ئیدارەى ترەمپدا

ترەمپ لە کاتی بەرزکردنەوەی ئینجیلێکدا
ترەمپ لە کاتی بەرزکردنەوەی ئینجیلێکدا

سەرۆکی کۆمیسیۆنی ڕاوێژکاری ئازادی ئایینی کە ساڵی ڕابردوو لەلایەن دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکاوە دامەزراوە، پێشنیازی دروستکردنی هێڵی گەرمی فیدراڵی دەکات کە تۆمارێکی ئۆتۆماتیکی تێدابێت و ئەم ڕستەیە لەخۆبگرێت "ئایین و دەوڵەت جیاناکرێنەوە".

شانبەشانی ئەم ڕاسپاردەیە، ڕاسپاردەکانی دیکەی ئەندامانی کۆمیسیۆن پێدانی "مەدالیای ئازادیی سەرۆکایەتیی" بە کێکسازێک کە ڕەتیکردەوە کێکی هاوسەرگیری بۆ دوو هاوڕەگەزخواز دروست بکات، ڕاسپاردەیەکى دیکەش داوا لە وەزارەتی داد دەکات پشتیوانى دایک و باوکانی پێکهاتەى "ئەمیش" لە نیویۆرک بکات کە دژی کوتانن.

ئەمانە بەشێکن لەو ڕاسپاردانەی تاوەکو ئێستا هاتوونەتە ئاراوە بۆ ئەوەی بخرێنە ناو ڕاپۆرتی کۆتایی کۆمیسیۆنەوە، هێشتا نووسینەوەى ڕاپۆرتەکە تەواو نەبووە، بەڵام ئەندامانی کۆمیسیۆن دەرفەتیان بۆ ڕەخسا لە دوایین کۆبوونەوەی مانگی نیساندا داواکارییەکانیان بخەنەڕوو، لەوێ باسیان لەو بڕگانە کرد ئارەزووی ئەوەیان دەکرد لە ڕاپۆرتەکەدا جێگیر بکرێن.

ئەم بیرۆکانە ڕەنگدانەوەی بۆچوونە باوەکانە لەسەر پێناسەکردنی ئازادی ئایینی لەنێو زۆرێک لە چالاکوانانی نەریتپارێزى کاسۆلیکی و ئینجیلی، کە لەگەڵ زیادکردنی دەرفەتەکانى ئازادى ئایینین لە خوێندنگە حکومییەکان، فراوانکردنی دەستڕاگەیشتن بە پارەی گشتی بۆ ڕێکخراوە ئایینییەکان، ڕێگەدان بە لێخۆشبوونی ئایینی لە بوارەکاندا لە یاسای دامەزراندن و پەروەردەوە تاوەکو مەرجەکانی چاودێریی تەندروستی.

ئەم بۆچوونانە لە بڕیارەکانی دادگای باڵاشدا ڕەنگدانەوەی هەبووە کە لە ساڵانی ڕابردوودا زۆرینەیان نەریتپارێزانە بوون.

ڕەخنەگرانی کۆمیسیۆنەکە دەڵێن ئەم کۆمیسیۆنە تێڕوانینی یەکلایەنەی لایەنگرانی ترەمپ بەرجەستە دەکات و هەڕەشە لە جیاکردنەوەى ئایین و دەوڵەت دەکات وەک ئەوەى لە دەستوور دیاریکراوە.

داوایەکی یاسایی کە لەلایەن هاوپەیمانییەکی پێشکەوتنخوازی فرە ئایینییەوە تۆمارکراوە، باس لەوە دەکات لیژنەکە پابەند نییە بە یاسای فیدراڵی، کە پێویستە لیژنە ڕاوێژکارەکان ئەندام و خاوەنى دیدی جۆراوجۆر لەخۆبگرن.

ئەم داواکارییە ڕەنگدانەوەی ئەو ڕەخنانەیە لە دژی کۆمیسیۆنەکە گیراون، گوایە زۆربەی ئەندامەکانی ڕۆحانیی و شرۆڤەکاری کریستیانى نەریتپارێزن و ئەندامێکیش حاخامێکی جوولەکە ئۆرتۆدۆکسە.

هاوپەیمانییەکە دەڵێت ئەندامەکانی دووپاتیان کردووەتەوە ئەمریکا نەتەوەیەکی "جوو-کریستیانییە" یان کریستیانییە، هەروەها ئاماژە بەوە دەکات زۆربەی کۆبوونەوەکانی کۆمسیۆنەکە لە مۆزەخانەی کتێبی پیرۆز لە واشنتن بەڕێوەچوون، کە دامەزراوەیەکە سەرکردایەتییەکى کریستیانى هەیە.

لە پێشهاتێکی پەیوەندیداردا کە تایبەتە بە دەستپێشخەرییەکانی ترەمپ، بڕیارە چەند ئەندامێکی کۆمیسیۆنی ئازادی ئایینی، لە 17ـی ئایاردا بەشداری لە چالاکییەکی نوێژکردندا بکەن بۆ یادکردنەوەی 250 ساڵەی دامەزراندنی وڵات. هەروەها زۆرێک لەوان بەشداریان لە خوێندنەوەی کتێبی پیرۆز لە مۆزەخانەی کتێبی پیرۆز کرد.

هەروەها دەستەیەکى دیکە کە لەلایەن ترەمپەوە دامەزراوە، "تیمى ئەرکی بنبڕکردنی جیاکارى لە دژی کریستیانەکان" ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە و تیایدا باس لەوە دەکات کریستیانەکان لەژێر ئیدارەی جۆ بایدنی دیموکراتدا ڕووبەڕووی هەڵاواردن بوونەتەوە لە بوارەکانی وەک پەروەردە و یاسای باج و دادگاییکردنی خۆپیشاندەرانی دژە لەباربردن.

لە کۆبوونەوەیەکی مانگی نیسانی ساڵی ڕابردوودا، دان پاتریک سەرۆکی لیژنەکە  کە هەمانکات جێگرى حاکمى ویلایەتى تەکساسە، گوتی "دەبێت بڵێین جیابوونەوە لە نێوان ئایین و ویلایەتدا نییە... ئەوە درۆیە".

ترەمپ لە ساڵی 2025 لە ئاهەنگێکی نوێژی کۆشکی سپیدا لێدوانی هاوشێوەی دا، گوتی "دەڵێن جیاکردنەوەی کڵێسا و دەوڵەت، منیش گوتم باشە با بۆ جارێک ئەوە لەبیر بکەین".

هەرچەندە دەستەواژەی "جیاکردنەوەی ئایین لە دەوڵەت" لە دەستووری ئەمریکادا نییە، بەڵام بڕیارەکانی دادگای باڵا لە سەدەی بیستەم ئاماژەی بە وەسفێکی تۆماس جێفرسۆن کردووە بۆ هەموارکردنی یەکەم وەک دانانى "دیوارێک لە نێوان ئایین و دەوڵەت" ناویبردووە.

دان پاتریک بە هاوڕێ کۆمیسارییەکانی گوتووە "من هیچ کینەیەکم نییە بەرامبەر بە کەسێک باوەڕی بە هیچ ئایینێک نەبێت. ئەوە شتێکی ئاساییە. ئەمە ئەوەیە کە ئەمریکا وەستاوە. بەڵام ئەی ئەم ڕێکخراوانە کە بە ئایدۆلۆجیایەکی دیاریکراوەوە دەجووڵێنرێن، لەلایەن کەسێکەوە پارەیان بۆ دابین دەکرێت کە دەیەوێت خودا لە وڵاتەکەمان دوور بخاتەوە؟ ئێمە دەبێت بەرامبەریان بوەستین".