قەزوین بووەتە فریادڕەسی ئێران لە جەنگەکەی لەگەڵ ئەمریکا
ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە ڕاپۆرتێکی نوێدا ئاشکرایدەکات، ڕووسیا پارچەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان لە ڕێگەی دەریای قەزوین بۆ ئێران دەنێرێت، ئەمەش دەریای قەزوین دەکاتە ڕێڕەوێکی ستراتیجی بۆ ئێران لە کاتی جەنگدا.
بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی توانا سەربازییەکان
ژمارەیەک بەرپرسی ئەمریکی کە ناوییان ئەشکرانەکراوە قسەیان بۆ ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز کردووە و دەڵێن، ئەم ڕێڕەوە ستراتیجییە کە چەنێکە فەرامۆش کراوە ئێستا هاریکاری ئێرانە لە دوبارە بنیاتنانەوەی توانا سەربازییەکانی.
خۆکردنەوەی خێرا لە ڕووی بەرگرییەوە
بەگوێرەی ئەم بەرپرسانە بێت، ئەگەر بەم جۆرەی ئێستا بارەکانی ڕووسیا بەردەوام بێت، ئەوا ئێران زۆر بە خێرایی دەتوانێت لە ڕووی بەرگرییەوە خۆی کۆبکاتەوە، ئەمە لە کاتێکدایە ئێران لە جەنگەکەی لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل 60٪ی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەکانی لە دەستدا.
جوگرافیای دەریای قەزوین
دەریای قەزوین لە وڵاتی ژاپۆن گەورەترە و بە گەورەترین ڕووبەری ئاوی دادەنرێت کە داخراوە و ناچێتەوە سەر هیچ زەریایەک یاخود دەریایەکی دیکە، لە ڕووی باشوورەوە بە درێژایی 700 کیلۆمەتر بەرەو باکووری ئێران درێژدەبێتەوە، هەروەها بووەتە پردێک کە ئێران بە ڕووسیا دەبەستێتەوە لە کاتێکدا ئەو دوو وڵاتە سنووری هاوبەشییان نییە.
هەناردەی ڕووسیا لە دەریای قەزوینەوە
ڕووسیا هەرزوو دەستی کردووە بە بازرگانییەکانی لەسەر ئەم دەریایە و ئەو کاڵایانەی دەبوو بە گەرووی هورمووز تێپەڕێت لێرەوە دەینێرێت، بۆ نموونە دەرمان، عەلەفی ئاژەڵان و هەندێک بابەتی خۆراکی سەرەکیش.
گۆڕینی ڕێگای هاوردە بۆ دەریای قەزوین
محەمەد ڕەزا مورتەزای، سەرۆکی کۆمەڵەی پیشەسازی خۆراکی ئێران بە میدیاکانی ڕاگەیاند، ئێران هاوردەی خۆراکی گۆڕیوە و ئێستا لە دەریای قەزوینەوە خۆراک هاوردە دەکات.
پێش شەڕی ئۆکرانیا ڕووسیا ساڵانە دوو ملیۆن تۆن گەنمی لە ڕێگەی دەریای ڕەش بۆ ئێران دەنارد، بەڵام ئێستا بەهۆی هەڕەشەکانی ئۆکرانیا لە دەریای قەزوینەوە ئەم بەرهەمانە دەگوازرێتەوە.
قەزوین هێڵێت بۆ خۆدزینەوە لە سزاکانی ڕۆژئاوا
هەر بۆیە دەریای قەزوین ئێستا بە هێڵێکی سەرەکی بەکاردێت کە هەر یەک لە ڕووسیا و ئێران بەکاری دەهێنن تاوەکو خۆشییان لە سزاکانی ڕۆژئاوا لابدەن، کۆمپانیایەکی گواستنەوەی ئێرانیش کە سزای ئەمریکای لەسەرە، بەشێوەیەکی بەردەوام لەم دەریایە گەشتەکانی ئەنجامدەدات.
بەندەرەکانی ئێران بۆردومانکراون
بەڵام لەکاتی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل ئەم بەندەرانەی ئێرانیش لە هێرشەکان بە دەرنەبوون، سوپای ئیسرائیل کۆمەڵێک کەشتی ئێرانی و ژێرخانی دەریایی لەو ناوچەیە کردە ئامانج، مەبەستی ئیسرائیلیش پەکخستنی ئەو بازرگانییەی نێوان ڕووسیا و ئێرانە.
ڕووسیا بە هاوپەیمانێکی بەهێزی ئێران دادەنرێت بەڵام لەو کاتەوەی کە شەڕەکە دەستی پێکردووە، ڕووسیا ڕەتی دەکاتەوە هیچ هاریکارییەکی سەربازی ئێرانی کردبێت.
10/05/2026