پێشنیارە نوێیەکەی تاران بۆ ترەمپ؛ کردنەوەی گەرووی هوورمز لە بەرامبەر هەڵگرتنی گەمارۆکان
ڕۆژنامەیەکی ئەمریکی ناوەڕۆکی نامەکەی تاران بۆ کۆشکی سپی ئاشکرا دەکات، کە تێیدا مەرجی توند بۆ گواستنەوەی یۆرانیۆم و کردنەوەی گەرووی هوورمز دانراوە.
پێشنیازی گواستنەوەی یۆرانیۆم بە مەرجی گەڕانەوە
بەگوێرەی زانیارییەکانی ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، ئێران پێشنیازی کردووە ئاستی بەشێک لە یۆرانیۆمە زۆر پیتێنراوەکەی کەم بکاتەوە. لە نامەکەدا هاتووە کە تاران ئامادەیە ئەوەی لە یۆرانیۆمەکە دەمێنێتەوە ڕەوانەی وڵاتێکی دیکە بکرێت، بەڵام بەو مەرجەی ئەگەر ڕۆژێک دانوستانەکان تووشی شکست بوون، دەبێت سەرجەم یۆرانیۆمەکە بۆ ئێران بگەڕێندرێتەوە.
کردنەوەی پلەبەندی گەرووی هوورمز و لادانی گەمارۆکان
لە بەشێکی دیکەی وەڵامەکەدا، تاران پرسی گەرووی هوورمزی وەک کلیلێکی گرنگی ئابووریی جیهانی بەکار هێناوە. پێشنیازەکەی ئێران بریتییە لەوەی کە شەڕ ڕادەگرن و بە شێوەی پلەبەندی گەرووەکە بەڕووی کەشتیوانیدا دەکەنەوە. بەڵام ئەم هەنگاوە بە تەواوەتی تەنیا کاتێک جێبەجێ دەکرێت کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سەرجەم گەمارۆکانی سەر ئێران لاببات.
هێڵە سوورەکانی تاران لەسەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان
وۆڵ ستریت جۆرناڵ ئاماژە بەوە دەکات کە تاران هێڵە سوورەکانی خۆی لە وەڵامەکەدا دیاری کردووە. ئێران ئامادەیە بۆ ماوەیەکی کورت پیتاندنی یۆرانیۆم ڕابگرێت، بەڵام ئەو ماوەیەی کە ئەمریکا داوای دەکات (20 ساڵ) ڕەت دەکاتەوە. لە هەمووی گرنگتر، تاران بە توندی ڕەتی کردووەتەوە کە هیچ کام لە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی هەڵبوەشێنێتەوە یان تێکیان بدات، کە ئەمە یەکێکە لە داواکارییە سەرەکییەکانی واشنتن.
قۆناغێکی نوێ لە جەنگی سارد و چاوەڕوانی
لە ئێستادا نامە چەند لاپەڕەییەکەی تاران لەبەردەستی دۆناڵد ترەمپدایە. ئەم وەڵامەی تاران بە جۆرێک داڕێژراوە کە نە دڵنیایی تەواو دەداتە ئەمریکا و نە دەرگاکانی گفتوگۆش بە تەواوی دادەخات. ئەم دۆخە جەنگە ساردەکەی نێوان هەردوو وڵات بردووەتە قۆناغێکی نوێی چاوەڕوانییەوە، چونکە وەڵامەکەی تاران لە ئاستی ئەو خواست و چاوەڕوانییانەدا نییە کە بەرپرسانی کۆشکی سپی هەیانبوو.
11/05/2026