هەولێر سەرکەوتنی بەدەستهێنا و نەورۆزیش دۆڕا

یارییەکانی هەفتەی 34ی خولى ئەستێرەکانى عێراق درێژەیان هەیە، یانەى هەولێر سەرکەوتنى بەدەستهێنا و نەورۆزیش لە دەرەوەی یاریگای خۆی دووچاری شکستبوو.

هەولێر سێ خاڵی گرنگی بەدەستهێنا

ئێوارەی ئەمڕۆ لە یەکێک لە یارییەکانی هەفتەی 34ی خولی ئەستێرەکانی عێراق، یانەی هەولێر لە دەرەوەی یاریگای خۆی بە چوار گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک سەرکەوتنی بەرامبەر نەجەف بەدەستهێنا، سێ خاڵی گرنگی دیکەی لە خولەکەدا کۆکردەوە، بەو بردنەوەیەش بەکۆکردنەوەی 70 خاڵ، پێگەی خۆی لە ڕیزبەندی سێیەمی خولەکەدا قایمتر کرد.

دووەم شکستی لەسەریەک بۆ نەورۆز


هاوکات لە یارییەکی دیکەدا یانەی نەورۆز، نەیتوانی لە کارەبا بباتەوە و بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک دووچاری شکستبوو، ئەوەش دووەم شکستی لەسەریەکی یانەکەی شاری سلێمانی بوو، دوای شکستەکەی هەفتەی ڕابردوو بەرامبەر یانەی شوڕتە، نەورۆز دوای تێپەڕبوونی 34 هەفتە لە خولی ئەستێرەکانی عێراق توانیوێتی 47 خاڵ کۆبکاتەوە و لە ئێستادا پلەی 10یەمی خولی ئەستێرەکانی عێراقی گرتووە.