ئەردۆغان: تورکیا پێویستی بە دەستوورێکی مەدەنی و دیموکراسییە
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە وتارێکدا کە لە یادی دامەزراندنی دادگای باڵای کارگێڕی و ڕاوێژکاریی وڵاتەکەی پێشکەشیکرد، گوتی، بۆ ئەوەی بنەماکانی دەوڵەتی یاسا لە وڵاتەکەی بەهێزتر بن، تورکیا پێویستی بە دەستوورێکی ئازاد، گشتگیر و دیموکراسیترە لەو دەستوورەی ئێستا هەیە.
هەوڵدان بۆ دەستوورێکی باشتر
ئەردۆغان کە دەستووری وڵاتەکەی بە بەرهەمی کودەتا ناوبرد، ئاماژەی بەوەشکرد، ئاکپارتی وەک بابەتێکی سیاسیی لە پرسی دەستوور ناڕوانێت و هەوڵدەدەن تورکیا بگەیەننە دەستوورێکی باشتر.
ڕزگارکردنی تورکیا لەم شەرمە دیموکراسییە
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لەوبارەیەوە گوتی " سەرەڕای دانانی چوار دەستوور بەدوای دەستووری بنەڕەتیدا، بەڵام هێشتا گەلی تورک پەرۆشی دانانی دەستوورێکی باشترە لەوەی ئێستا، هەمووانیش دەزانن کە کودەتا و دەستوەرادنە نایاساییەکان چ ڕۆڵێکیان لەم دوو دەستوورەی دوواییدا هەبووە. هەر بۆیە ڕزگارکردنی تورکیا لەو شەرمەی دیموکراسی، کە بەهۆی دەستوورەوە تووشی بووە، قەرزی ئەستۆی گۆڕەپانی سیاسییە، ئەوەش بە دانانی دەستوورێکی دیموکراسی، ئازادیخواز، گشتگیر و مەدەنی."
11/05/2026