وەزارەتی تەندروستی: هیچ حاڵەتێکی ڤایرۆسی هانتا لە هەرێمی کوردستان تۆمار نەکراوە
وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئامادەکارییان کردووە بۆ هەر حاڵەتێکی ڤایرۆسی هانتا بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ حاڵەتێک لە هەرێمی کوردستان تۆمار نەکراوە و داواش لە هاونیشتمانییان دەکات پاکوخاوێنی ڕابگرن و خۆیان بپارێزن لە بەرکەوتن بە قرتێنەرەکان.
لە نزیکەوە چاودێری دۆخەکە دەکرێت
ئەمڕۆ دووشەممە 11ـی ئایاری 2026، وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیێنراوێکدا ڕوونیکردەوە، لە نزیکەوە و بە وردیی چاودێریی دۆخەکە دەکەن بۆ ڕێگری لە هەر ئەگەرێکی بڵاوبوونەوە لە ڕێگەی ئامادەکاریی تەکنیکی بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی پشکنینی تاقیگەیی و پرۆتۆکۆڵی چارەسەریی گونجاو و چاودێریی ورد بۆ بەهێزکردنی سیستەمی پەتازانی بۆ دەستنیشانکردنی پێشوەختەی هەر حاڵەتێکی گوماناوی و هەماهەنگیی نێودەوڵەتی بۆ کارکردنی بەردەوام لەگەڵ ڕێکخراوی WHO و لایەنە پەیوەندیدارە ناوخۆییەکان.
جەختکردنەوە لە خاوێنراگرتنی ژینگە
هاونیشتمانییانی دڵنیا کردەوە، لە ئێستادا هیچ سنووردارکردنێکی گەشت و بازرگانی و جووڵەی هاوڵاتییان پەیوەست بە ڤایرۆسی هانتا لەسەر ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتی لەئارادا نیە، جەختیکردەوە لە خاوێنڕاگرتنی ژینگە و دوورکەوتنەوە لە بەرکەوتن لەگەڵ "قرتێنەرەکان" کە وەک سەرچاوەیەکی سەرەکیی ڤایرۆسەکەن.
ڤایرۆسی هانتا لە قرتێنەرە تووشبووەکانەوە دەگوێزرێتەوە
ڤایرۆسی هانتا، نەخۆشییەکی ڤایرۆسی گواستراوەیە، لەڕێگەی قرتێنەرە تووشبووەکان دەگوازرێتەوە، بە هەڵمژینی تۆزی پیسبوو بە دەرهاویشتەکانی قرتێنەری تووشبوو بەتایبەتی لەکاتی پاککردنەوەی شوێنە داخراوەکان یان هەواگۆڕکێی خراپ مرۆڤ تووشی هەوکردن دەبێت.
پێشبنی بۆ نەخۆشییەکە لەسەر ئاستی جیهان
بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی WHO، هەموو ساڵێک پێشبینی دەکرێت لەنێوان 10 بۆ زیاتر لە 100 هەزار حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی هانتا لەجیهاندا تۆمار بکرێت، نیشانەکانی بریتین لە تا، ماندووبوونی زۆر، سەرئێشە، ئازاری سک و ماسولکەکان و ڕشانەوە و کۆکە و تەنگەنەفەسی لە حاڵەتە توندەکاندا دەردەکەوێت و ڕێژەی مردن بەهۆی نەخۆشییەکەوە لە ٪20 بۆ ٪50 یە.
11/05/2026