قوباد تاڵەبانی شەڕێکی ڕانەگەێندراوی لەگەڵ هاندەرە سەرسەختەکەی ئارسیناڵ ئەنجام دا
قوباد تاڵەبانیی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دیمانەیەکی سیاسیی لەگەڵ پێڕس مۆرگن، پێشکەشکاری بەناوبانگی بەڕیتانی ئەنجامدا و لە میانی دیمانەکەدا و لە پاڵ وەڵامە سیاسییەکاندا پەیامێکی وەرزشیی بەهێزیشی ئاڕاستەی پێشکەشکارەکە کرد.
پێرس مۆرگن، یەکێکە لە بەناوبانگترین پێشکەشکارە سیاسییەکان لە بەڕیتانیا و جیهان، بەڵام لە بواری وەرزشیشدا ڕۆچووە و هاندەرێکی تۆپی پێی پرێمەرلیگ و ئینگلتەرا نییە نەزانێت ئەم کەسایەتییە هاندەری سەرسەختی یانەی ئارسیناڵە.
مۆرگن، لە سەرجەم بۆنە و زۆرینەی دیمانەکانیدا ئاماژە بۆ گەورەیی ئارسیناڵ دەکات و وای دەردەخات کە چاوی بە یانەکانی دیکەی وەک مانچێستەر یونایتد و مان سیتی و چێڵسی هەڵنایەت، بەڵام ئەمشەو لەپاڵ گفتوگۆی سیاسیی و تەوەری ئێراندا هاونیشتمانیان بینەری ئەوەبوون کە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش هاندەری یانەی مانچێستەر یونایتدە و لۆگۆیەکی ئەو یانەیەی لە پشت خۆیەوە داناوە.
ئەم هەوڵەی قوباد تاڵەبانی لەگەڵ باسی سیاسەت و گۆڕانکارییە ناوچەییەکاندا، پەیامێکی ناڕاستەوخۆی جێگری سەرۆکی حکومەت بوو بۆ پاڵپشتی کردنی یونایتد و لەبیرنەکردنی وەرزش و کێبڕکێی یانەکانی پرێمەرلیگ، هاوکات وەک وەڵامێکیش بوو بۆ پێرس مۆرگن، کە دوای 22 ساڵ دابڕان لە نازناوەکان، چاوەڕوانی ئەوەیە لە دوو هەفتەی داهاتوودا یانە خوازیارەکەی (ئارسیناڵ) ببێتە پاڵەوانی پرێمەرلیگ.
لەم وەرزەی پرێمەرلیگ، زۆرینەی یانەکانی خولەکە دوو یارییان ماوە بۆ کۆتاییهێنان بە کێبڕکێکان، ئارسیناڵ بە کۆکردنەوەی 79 خاڵ پێشەنگی خولەکەی گرتووە، مانچێستەر سیتی خاوەنی 74 خاڵە و پلەی سێیەمیش بۆ مانچێستەر یونایتدە بە 65 خاڵەوە.
ئەگەر یانە گەورەکەی لەندەن (ئارسیناڵ) لە دوو هەفتەی داهاتوودا بتوانێت بەرامبەر بە بێرنڵی و کریستاڵ پاڵاس سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، دوای 22 ساڵ دابڕان و دوورکەوتنەوە لە ستەیجی پاڵەوانان، لەم وەرزەدا دەبێتە پاڵەوانی وەرز، هاوکات هەریەک لە ئارسیناڵ، مان سیتی و مان یونایتد توانیویانە بەشداریکردن لە چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو مسۆگەر بکەن.
11/05/2026