ئەمریکا: 12 کەسایەتی و کۆمپانیامان بەهۆی ئاسانکاری بۆ فرۆشتنی نەوتی ئێران بە چین سزا دا
واشنتن هەوڵەکانی بۆ پچڕاندنی شادەمارە داراییەکانی سوپای پاسداران چڕتر دەکاتەوە؛ بە تۆمەتی گواستنەوەی نایاسایی نەوت بۆ پەکین و دابینکردنی بودجە بۆ گرووپە چەکدارەکان، گەنجینەی ئەمریکا سزای نوێی ڕاگەیاند.
وردەکاریی سزاکانی وەزارەتی گەنجینە
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای بەسەر 12 کەسایەتی و کۆمپانیادا سەپاند کە تێوەگلاون لە فرۆشتنی نەوتی ئێران بە وڵاتی چین. سکۆت بیسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا ڕایگەیاند، 3 کەسایەتی و 9 کۆمپانیا خراونەتە لیستی سزاکانەوە، بەهۆی ئەوەی ڕۆڵی سەرەکییان هەبووە لە ئاسانکاری بۆ فرۆشتن و گواستنەوەی نەوتی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ حکومەتی چین.
شێوازی کارکردنی تۆرە داراییەکانی سوپای پاسداران
بەگوتەی وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، سوپای پاسدارانی ئێران بۆ شاردنەوەی چالاکییەکانی و دەستکەوتنی داهاتی نەوت، پەنا دەباتە بەر ئەو کۆمپانیایانەی کە مۆڵەتی فەرمییان هەیە و ڕێگەپێدراون. ئەم کۆمپانیایانە وەک پەردەیەک بەکاردێن بۆ ئەوەی ڕۆڵی ڕاستەوخۆی سوپای پاسداران لە بازرگانییە نایاساییەکاندا نادیدە بگرن و داهاتەکە بگەڕێننەوە بۆ ئێران.
ئاراستەی خەرجکردنی داهاتی نەوت لەلایەن تارانەوە
سکۆت بیسێنت ئاماژەی بەوە کردووە، ئێران داهاتی ئەم نەوتە بۆ باشترکردنی ژیانی گەلەکەی بەکارناهێنێت، بەڵکو لە سێ بواری سەرەکیدا خەرجی دەکات؛ پەرەپێدانی چەک، پاڵپشتیکردنی گرووپە تێرۆریستییە بەوەکالەتەکان لە ناوچەکە، لەگەڵ دابینکردنی بودجەی هێزە ئەمنییەکان بە مەبەستی سەرکوتکردنی ئازادییەکانی ناوخۆی وڵاتەکە.
بەردەوامیی فشارە داراییەکانی واشنتن
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا جەختی کردووەتەوە کە بەردەوام دەبن لە پچڕاندنی پەیوەندییەکانی ئێران بەو تۆڕە داراییە جیهانییانەی کە داهاتەکانیان بۆ کردەوەی تێرۆریستی تەرخان دەکەن. ئەم سزایانە لە کاتێکدان کە هەفتەی ڕابردووش واشنتن زنجیرەیەک سزای دیکەی بەسەر چەند کەسایەتی و کۆمپانیایەکدا سەپاند کە وڵاتانی عێراق و کوبایان تێدا بوو.
12/05/2026