نەقیبی سەندیکای کارمەندانی تەندروستی: پلەبەرزکردنەوە لە کەرتی تەندروستی داگیرکراوە
لە ڕۆژی جیهانیی پەرستاراندا، سەندیکای کارمەندانی تەندروستی هۆشداریی لە داڕمانی خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان دەدات و داوای هاوتاکردنی شایستە داراییەکانیان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ دەکات.
ڕاگەیاندنی پەیماننامەی سپی و داواکارییەکان
لە شاری هەولێر و بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی پەرستاران، سەندیکای کارمەندانی تەندروستی بەیاننامەیەکیان لەژێر ناوی "پەیماننامەی سپی" ئاراستەی حکومەت و پەرلەمانی هەرێم و عێراق کرد. لەو بەیاننامەیەدا داواکراوە پەرستاران و دەرچووان بە شێوەی فەرمی دابمەزرێن، پلەبەرزکردنەوەیان دەستپێبکاتەوە و دەرماڵەی مەترسییان هاوتای عێراق بکرێت، کە لەوێ ڕێژەکەی لە نێوان 50% بۆ 80%ـە.
خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان لەژێر هێڵی مەترسیدا
سەندیکاکە هۆشداری دەدات کە لە ئێستادا ئەرکە خزمەتگوزارییەکان لە ناوەندە تەندروستییەکانی هەرێمی کوردستاندا گەیشتووەتە ژێر هێڵی مەترسی. بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، هاوڵاتییان و نەخۆشەکان بوونەتە قوربانیی یەکەمی ئەو بێدەنگی و پشتگوێخستنەی کە بەرامبەر کەرتی تەندروستی و مافی کارمەندانی ئەم بوارە دەکرێت.
دۆخی خۆبەخشان و نادادی لە دەرماڵەکاندا
د. جەبار محەمەد، نەقیبی سەندیکای کارمەندانی تەندروستی ڕایگەیاند، سیستەمی بەکارهێنانی دەرچووانی بەشە پزیشکییەکان وەک خۆبەخش بە شێوازێکی "نازانستی" ئەنجام دراوە و ئەو گەنجانە بوونەتە قوربانیی ئەم سیاسەتە. ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، نادادی لە دابەشکردنی دەرماڵەکاندا وایکردووە پەرستاران نائومێد بن و نەخۆشخانەکان وەک ماڵی خۆیان نەبینن، ئەمەش کاریگەریی نەرێنی لەسەر کوالێتی خزمەتگوزارییەکان دروست کردووە.
12/05/2026