ڕەزایی: پیتاندنی یۆرانیۆم بە ڕێژەی 90% بژاردەیەکی بەردەم ئێرانە

ئیبراهیم ڕەزایی، گوتەبێژی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوە لە پەرلەمانی ئێران
ئیبراهیم ڕەزایی، گوتەبێژی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوە لە پەرلەمانی ئێران

ئیبراهیم ڕەزایی، گوتەبێژی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوە لە پەرلەمانی ئێران ڕایگەیاند، یەکێک لە بژاردەکانی بەردەم ئێران، لە ئەگەری دەستپێکردنەوەی هێرشەکان، پیتاندنی یۆرانیۆمە تاوەکو ڕێژەی 90%، ئەمەش ئەو ئاستەیە کە دەتوانرێت چەکی ئەتۆمیی پێ درووست بکرێت.

تاوتوێى پیتاندن لەناو پەرلەمانى ئێران

ڕەزایی تۆڕی ئێکس نووسیویەتی، لە پەرلەمان ئێران تاوتوێی بەرزکردنەوەی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ ئەو ڕێژەیە دەکەن، ئەمەش یەکەمجارە بەرپرسێکی ئێرانی بە ڕوونی بانگەشە بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی بکات، لەکاتێکدا ئەو وڵاتە هەمیشە جەختی لەوە کردووەتەوە کە مەبەست لە بەرنامە ئەتۆمییەکەیان ئاشتیانەیە و هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی نادەن.

ناکۆکییەکانى نێوان ئەمریکا و ئێران

بە گوتەی بەرپرسانی واشنتن، ناکۆکییەکانی ئەمدواییەی نێوان ئەمریکا و ئێران لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئەو وڵاتە بە تەواوی بوون بە بەربەست لە بەردەم گەیشتن بە ڕێککەوتن، لە کاتێک دا ئەمریکا جەخت لە ڕاگرتنی بەرنامە ئەتۆمییەکەیان دەکاتەوە و هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران دەدات، کە تاوەکو 60% پیتێنراوە و زیاترە لە 450 کیلۆگرامە.

ترەمپ و نەتانیاهوو خواستیان لەسەر یۆرانیۆمەکە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، باس لە بەدەستهێنانی ئەو بڕە یۆرانیۆمە زۆر پیتێنراوە دەکەن و ئێرانیش ئەو داواکارییە ڕەتدەکاتەوە.

ئەوە لە کاتێکدایە، لە دوایین لێدوانى دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا، ڕایگەیاند، ئێران دەستبەردارى پیتاندنى یۆرانیۆم دەبێت بەڕێژەى لە 100%.