نەجمەدین غوڵامی نوێترین بەرهەمی بڵاودەکاتەوە

هونەرمەندی دیاری کورد نەجمەدین غوڵامی نوێترین بەرهەمی بەناوی "ڕۆنیا" بڵاودەکاتەوە.

17ـی ئەم مانگە بڵاودەکرێتەوە

بەپێی زانیارییەکان، بەرهەمە نوێیەکەی هونەرمەند نەجمەدین غوڵامی، هۆنراوە و ئاوازەکەی خۆی دایناوە و کاری ڤیدیۆکلیپیش بۆ بەرهەمەکە کراوە و بڕیارە 17ـی ئەم مانگە بڵاوبکرێتەوە.

لە سوید ڤیدیۆکلیپەکە بەرهەمهێنراوە

کاری دەرهێنان، وێنەگرتن، مۆنتاژ و ڕەنگی لەلایەن دەوەن دڵشاد هەڵەبجەییەوە لە وڵاتی سوید بۆ ڤیدیۆکلیپەکە کراوە .

هەروەها کاری دابەشکردن، کەمانچە و سترینگسی لەلایەن هاشم رەشادەتەوە بۆ ئەنجامدراوە، ڕامین رەبیعی کاری ژەنینی سەنتووری بۆ کردووە، هەروەها تۆماری دەنگ و میکس و ماسترینگی لەلایەن ئیرەج حەیدەرییەوە بۆ کراوە.

40 ساڵە لەم بوارەدا بەردەوامە

نەجمەدین غوڵامی ساڵی 1958 لە شاری سنە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دایکبووە، لە تەمەنی 18 ساڵییەوە دەستی بە گۆرانیگووتن کردووە و زیاتر لە 40 ساڵە لەو بوارەدا بەردەوامە، تا ئێستا حەوت ئەلبوومی گۆرانی بڵاوکردووەتەوە.