ڕووسیا مووشەکى سەرماتى بەسەرکەوتووى تاقیکردەوە
ڕووسیا پەرە بەتوانا ئەتۆمییەکانى دەدات و مووشەکە کورت مەودا و درێژمەوداکانى تاقیدەکاتەوە، سەرۆکى وڵاتەکەش ستایشی بەرهەمهێنانى ئەو چەکە نوێیانە دەکات و دەشڵێت: پرۆسەى پەرەپێدانى توانا ئەتۆمییەکانیان بەردەوامدەبن.
تاقیکردنەوەى مووشەکى سارمات
سێرگی کاراکایێڤ، فەرماندەی هێزەکانی مووشەکی ستراتیجی ڕووسیا لە کۆبوونەوەیەک دا لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن ڕایگەیاند، سوپای ڕووسیا بە سەرکەوتوویی نوێترین مووشەکی بالیستیکی سارماتی تاقیکردووەتەوە.
ئاماژەى بەوەشکرد، مووشەکەکەیان بەشێوەیەسەرکەوتوو تاقیکردووەتەوە کە سەرجەم سیستمەکانى بەرگرى تێدەپەڕێنێت و ئامانجەکەى خۆى دەپێکێت.
کۆتایی ئەمساڵ وادەى خزمەتە
بەگوتەى سێرگی کاراکایێڤ، تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ مووشەکەکە دەچێتە خزمەتى سوپاى ڕووسیاوە و ئەوەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی تواناکانی شەڕی هێزە ستراتیجییە ئەتۆمییەکانی زەمینی بە شێوەیەکی بەرچاو.
توانا سەربازییەکانى ڕووسیا
لاى خۆیەوە، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکى ڕووسیا بەگرنگییەوە باسى لە تواناسەربازییەکانى وڵاتەکەى کرد و ڕایگەیاند، دواى کشانەوەى ئەمریکا لە ڕێککەوتنى (نیو ستارت) لەگەڵ ڕووسیا، کە تایبەت بوو بە کەمکردنەوەى ئەو مووشەکە درێژمەودا و کیشوەربڕانەى توانای هەڵگرتنی کڵاوەی ئەتۆمییان هەیە، ناچار بوون پەرەبە توانا سەربازییەکانیان بدەن.
جەختى لەوەشکردەوە، لە پڕۆسەى پەرەپێدانى توانا ئەتۆمییەکانیان بەردەوامدەبن بەتایبەت لە بوارى بەرهەمهێنانى مووشەک و پێشتریش مووشەکى ئەڤانگارد و کینژاڵیان و ئەرێشنیکیان بەرهەمهێناوە و چوونەتە خزمەتى سەربازییەوە.
تاقیکردنەوەى مووشەکى
لە دواى هەڵوەشاندنەوەى یەکێتى سۆڤییەت لە ساڵى 1991ەوە تاوەکو ئێستا، ڕووسیا چەند جارێک تاقیکردنەوەى لەو جۆرەى کردووە، بەگوتەى چاودێرانى سیاسى، ئەو هەنگاوانەى ڕووسیا ترسى چڕبوونەوەی کێبڕکێی بەکارهێنانى چەکى ئەتۆم زیاتر دەکات.
کشانەوە لە ڕێککەوتنى نیو ستارت
دواى کشانەوەى ئەمریکا لە ڕێککەوتنی (نیو ستارت)، ڕووسیاش لە ڕێککەوتنکە کشایەوە کە تایبەت بوو بە کەمکردنەوە و سنووردارکردنی چەکی ئەتۆمیی بەڕێژەی 30% و ئەو مووشەکە درێژمەودا و کیشوەربڕانەش لەخۆ دەگرێت کە توانای هەڵگرتنی کڵاوەی ئەتۆمییان هەیە.
لە ڕێککەوتنەکەدا هاتووە، هەردوو وڵات نابێت زیاتر لە هەزار و 550 کڵاوەی ئەتۆمیی و 700 موشەکی دوورمەودا و بۆمبهاوێژیان هەبێت، لەگەڵ 800 موشەکی کیشوەر بڕی جێگیر و جوڵاو.
چەکە ئەتۆمییەکانى ئەمریکا و ڕووسیا
ئێستا، ئەمریکا و ڕووسیا، خاوەنی 90%ی چەکە ئەتۆمییەکانی جیهانن، ڕووسیا نزیکەی پێنج هەزار و 889 کڵاوەى ئەتۆمى هەیە، لەکاتێکدا ئەمریکا پێنج هەزار و 244 کڵاوەى هەیە.
هەڕەشەى بەکارهێنانى چەکى ئەتۆمى
لە سەرەتای دەستپێکردنى ئۆپراسیۆنى ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا لە شوباتی 2022ەوە تاوەکو ئێستا، بەرپرسانى باڵاى ڕووسیا چەندینجار هەڕەشەی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمییان کردووە.
12/05/2026