وەزارەتى ناوخۆ چەند بڕیارێکى بۆ پاراستنى ژینگە دەرکرد

دیمەنێک لە ژینگە و سروشتی کوردستان و سەیرانی هاونیشتمانیان
دیمەنێک لە ژینگە و سروشتی کوردستان و سەیرانی هاونیشتمانیان

وەزارەتى ناوخۆى هەرێمى کوردستان بڕیاریدا بە دروستکردنى ئەنجوومەنى پاراستن و چاککردنى ژینگە و سزادانى هەرکەسێک کە دەستدریژى بکاتە سەر ژینگە، هەروەها مەفرەزەى گەڕۆکیش بۆ پاراستنى ژینگە دروستدەکرێت.

دەستدرێژیکارانى سەر ژینگە سزا بدرێن

وەزارەتى ناوخۆ ژمارەیەک بڕیارى بۆ پاراستنى ژینگە دەرکرد و لە بڕیارەکاندا هاتووە، ئەو ئەنجوومەنەى دروست دەکرێت، پێویستە پرۆژە بۆ باشترکردنى ژینگە پێشکەش بکەن و فەرمانگەکانى ژینگەش ڕابسپێرن بە سزادانى سەرپێچیکاران، سزاکەش بەگوێرەى یاسا تاوەکو هەشت ملیۆن دینارە و لەگەڵ گەورەیی تاوانەکەش توندتر بکرێت.

پێکهێنانى مەفرەزەى پۆلیس و ئاسایشى گەڕۆک

وەزارەتى ناوخۆ دەشڵێت، مەفرەزەى گەڕۆک لە پۆلیس و ئاسایش دروستدەکەن بۆ هۆشیارى و سزادانى سەرپێچیکارانى ژینگە، لیژنەش بۆ لابردنى زیادەڕۆیى سەر دارستانەکان پێکدەهێنرێت، هەروەها سوتاندنى پەرێز و پوش و پاوانیش قەدەغەیە.

کەمپەینى #بیپارێزە

بڕیارەکانى وەزارەتى ناوخۆ لە پاش کەمپەینى بیپارێزەى کەناڵ8ـە بۆ پاراستنى ژینگە و سروشتى کوردستان، کە پێشوازییەکى گەرمى لەلایەن هاونیشتمانییان و لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە لێکرا.