پارتى لەگەڵ 11 حیزبى تورکمان کۆدەبێتەوە کە یەک کورسییان هەیە

کەناڵ8 12/05/2026
دانیشتنێکى پەرلەمانى کوردستان لە خولی پێنجەم
فۆتۆ ئەرشیفى: راگەیاندنى پەرلەمان
دانیشتنێکى پەرلەمانى کوردستان لە خولی پێنجەم فۆتۆ ئەرشیفى: راگەیاندنى پەرلەمان

پارتی دیموکراتی کوردستان جووڵە سیاسییەکانی بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان خێرا دەکات؛ لەگەڵ نوێنەرانی پێکهاتەی تورکمان کۆدەبێتەوە و بەرپرسیارێتیی پەککەوتنی دامەزراوەی یاسادانان دەخاتە ئەستۆی ئەو لایەنانەی بایکۆتی دانیشتنەکانیان کردووە.

کۆبوونەوەی پارتی لەگەڵ 11 حیزبی تورکمان

کەمال کەرکووکی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی بەشی پەیوەندییە گشتییەکانی پارتی، لە شاری هەولێر پێشوازی لە سەرۆک و سکرتێری 11 حیزبی تورکمان کرد. لەو کۆبوونەوەیەدا پرسی کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرا. جێگەی ئاماژەیە لەو 11 لایەنەی ئامادەبووی کۆبوونەوەکە، تەنیا پارتی چاکسازیی تورکمان لە پەرلەماندا خاوەن یەک کورسییە.

تۆمەتبارکردنی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان

لە کۆبوونەوەکەدا، کەرکووکی ڕەخنەی لەو لایەنانە گرت کە ئامادە نین بچنە هۆڵی پەرلەمان. ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە بەشێک لەو هێزانە بەڵێنی خزمەتیان بە دەنگدەرانیان دابوو، بەڵام ئێستا بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدان پەرلەمان پەکبخەن تاوەکو نەتوانرێت دەستەی سەرۆکایەتی و لیژنەکان هەڵبژێردرێن، ئەمەش ڕێگرە لەبەردەم پێکهێنانی حکومەتی نوێ.

ئامادەیی پارتی بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان

بەرپرسەکەی پارتی جەختی کردەوە کە حیزبەکەیان هەمیشە ئامادەیی تەواوی نیشانداوە بۆ ئەوەی پەرلەمان دەست بە کارەکانی بکاتەوە، بەڵام هەوڵە دەرەکی و ناوخۆییەکان ڕێگر بوون. لە بەرامبەردا نوێنەرانی پێکهاتەی تورکمان هاوڕایی خۆیان بۆ ئەدای سیاسیی پارتی دەربڕی و جەختیان لە گرنگیی پاراستنی سەقامگیریی هەرێمی کوردستان کردەوە.

گۆڕانکاریی لە هاوسەنگیی هێزی تورکمانەکان

لە خولی پێشووی پەرلەماندا، تورکمانەکان 5 کورسییان هەبوو کە زۆربەیان لەگەڵ پارتی بوون، بەڵام لەم خولەدا ژمارەی کورسییەکانیان بۆ 2 کورسی کەمبووەتەوە. ئێستا تەنیا یەک پەرلەمانتاری تورکمان لە هەولێر لە بەرەی پارتییە و پەرلەمانتارەکەی تری کفری لە دەرەوەی بازنەی هەژموونی ئەو حیزبەیە.

سیناریۆی ئەنجوومەنی شورا

هەوڵە سیاسییەکانی پارتی هاوکاتە لەگەڵ جووڵەیەکی دیکە لە ڕێگەی ئەنجوومەنی شوراوە. پارتی دەیەوێت لە ڕێگەی ئەو ئەنجوومەنەوە، کە زۆرینەی ئەندامەکانی سەر بە خۆیەتی، نیسابی یاسایی دانیشتنەکانی پەرلەمان لە 51 پەرلەمانتارەوە بۆ 49 کەم بکاتەوە، تاوەکو بتوانێت بەبێ لایەنەکانی دیکە پڕۆسەی یاسادانان دەستپێ بکاتەوە

کەناڵ8

12/05/2026