زیاتر 762 هەزار مووچەخۆر لە ڕێگەی هەژماری من مووچەکانیان وەردەگرن
ئەمڕۆ پرۆسەی دابەشکردنی مووچەی مانگی 4 دەستپێدەکات و زیاتر لە 762 هەزار مووچەخۆر لە ڕێگەی "هەژماری من"ـەوە مووچەکانیان وەردەگرن، بەڵام ژمارەی مووچەخۆران و ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە هێشتا هاوسەنگ نین.
زیادبوونی ژمارەی بەکارهێنەرانی هەژماری من
بەپێی نوێترین داتاکان، ژمارەی ئەو مووچەخۆرانەی لەم مانگەدا بە کارتی بانکی مووچە وەردەگرن گەیشتووەتە 762,500 کەس. ئەمە لە کاتێکدایە کە مانگی ڕابردوو ژمارەیان 736,000 مووچەخۆر بوو، واتە لەم مانگەدا 26,500 مووچەخۆری نوێ چوونەتە ناو پرۆسەی وەرگرتنی مووچە بە شێوەی دیجیتاڵی.
دابەشبوونی مووچەخۆران بەسەر پارێزگاکاندا
ئەو مووچەخۆرانەی لە ڕێگەی هەژماری منەوە مووچە وەردەگرن بەمشێوەیە بەسەر پارێزگاکاندا دابەش بوون: لە پارێزگای هەولێر 364,800 مووچەخۆر، لە پارێزگای سلێمانی 208,200 مووچەخۆر، لە پارێزگای دهۆک 179,000 مووچەخۆر و لە پارێزگای هەڵەبجە 10,410 مووچەخۆرن.
ژمارەی ئامێرەکانی ATM و لۆدی سەر کارمەندان
بۆ مووچەی مانگی 4، ژمارەی ئامێرەکانی ATM بۆ 600 ئامێر زیاد کراوە، لەکاتێکدا بۆ مانگی 3 تەنیا 572 ئامێر بەردەست بوون. سەرەڕای زیادبوونی ئامێرەکان، هێشتا هەر 1,270 مووچەخۆر یەک ئامێری وەرگرتنی پارەیان بەردەکەوێت. ئەمە لەکاتێکدایە بەپێی ڕێنماییەکانی پڕۆژەکە، دەبێت بۆ هەر 1,000 مووچەخۆرێک یەک ئامێر هەبێت، ئەم کورتھێنانە لە ژمارەی ئامێرەکانیش دەبێتە هۆی دروستبوونی قەرەباڵغی لەکاتی وەرگرتنی مووچەدا.
شێوازی دابەشکردنی مووچەی مانگی نیسان
ئەمڕۆ چوارشەممە 13ـی نیسان، پرۆسەی دابەشکردنی مووچەی مانگی 4 دەستپێدەکات. پرۆسەکە بە هەردوو شێوازی وەرگرتنی مووچە بە کارتی بانکی لە ڕێگەی ئامێرەکانی ATM و دابەشکردنی مووچە بە شێوەی کاش لە بانکەکاندا بەڕێوەدەچێت.
13/05/2026