نرخی زیو بەڕێژەیەکی زیاتر لە زێڕ بەرزدەبێتەوە
لەگەڵ کردنەوەی بازاڕە داراییەکان، نرخی زێڕ و زیو بەرزبوونەوەی بەرچاویان تۆمار کرد، بە شێوەیەک کانزای زیو بە ڕێژەی 2% گەشەی کردووە و بە خێراییەکی زیاتر لە زێڕ بەرەو لوتکەی نرخەکان هەڵدەکشێت.
ئامارەکانی بەرزبوونەوەی نرخ لە بازاڕە جیهانییەکاندا
ئەمڕۆ 13ـی ئایار، نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بە ڕێژەی 0.7% بەرزبووەوە و گەیشتە 4,712 دۆلار. هاوکات کانزای سپی (زیو) بە ڕێژەیەکی خێراتر هەڵکشا و بە تۆمارکردنی 2% زیادبوون، نرخی یەک ئۆنسەی گەیشتە 86.78 دۆلار.
کاریگەریی سیاسەتە داراییەکانی ئەمریکا لەسەر کانزا بەنرخەکان
خێرابوونی هەڵاوسان لە ئەمریکا و بەرزبوونەوەی ئاستی بەرهەمەکان قورسایی لەسەر نرخی کانزاکان دروست کردووە، بەڵام بەردەوامیی کڕینی زێڕ لەلایەن بانکە ناوەندییەکانەوە زیانەکانی سنووردار کردووە. لە لایەکی دیکەوە، ئەگەرەکانی بەرزکردنەوەی ڕێژەی سوود لەلایەن بانکی فیدراڵییەوە بووەتە هۆی ئەوەی نرخی یەک ئۆنسە زێڕ لە خوار ئاستی 5,000 دۆلاردا بمێنێتەوە.
ڕوانگەی بانکی جەی پی مۆرگان بۆ دۆخی بازاڕ
یوکشوان تانگ، بەرپرسی ڕێژەی سوود و ستراتیژی دراوی ئاسیا لە بانکی تایبەتی جەی پی مۆرگان ڕایگەیاند، ئەو گۆڕانکارییەی لە بازاڕی زێڕدا دەبینرێت نوێ نییە و دووبارەبوونەوەی وێنەی ساڵی 2022ـەیە، کاتێک نرخی زێڕ لە بەرامبەر بەرزبوونەوەی ڕێژەی سوودی بانکیدا بە جێگیری مابووەوە.
نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان
لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان نرخی جۆرەکانی زێڕ بەمشێوەیە مامەڵەی پێوە دەکرێت:
نرخی یەک مسقاڵ زێڕی عەیار 24: 1,142,000 دینار.
نرخی یەک مسقاڵ زێڕی عەیار 21: 998,000 دینار.
نرخی یەک مسقاڵ زێڕی عەیار 18: 856,000 دینار.
13/05/2026