کەمترین مووچە دەبێتە 800 هەزار دینار؛ کەناڵ8 وردەکاریی هەموارکردنی یاسای خانەنشینی هێزەکانی ناوخۆ بڵاودەکاتەوە

کەناڵ8 13/05/2026
بڕێک لە دینارى عێراقى. فۆتۆ: حەمە سوور - کەناڵ8
بڕێک لە دینارى عێراقى. فۆتۆ: حەمە سوور - کەناڵ8

ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پڕۆژەیاسایەکی نوێ بۆ هەموارکردنەوەی یاسای خانەنشینی هێزە ئەمنییەکان ئامادە دەکات، کە تێیدا مەرجی تەمەن لادەبرێت و چەند دەرماڵەیەکی نوێ بۆ مووچەی خانەنشینی جێگیر دەکرێن.

گۆڕانکاری لە مەرجی تەمەن و ماوەی خزمەت

لە پڕۆژەی هەمواری یاسای خانەنشینی هێزەکانی ناوخۆدا، مەرجی تەمەنی 60 ساڵ کە بۆ فەرمانبەرانی شارستانی پەیڕەو دەکرێت، لادەبرێت. بەپێی پێشنیارە نوێکە، کارمەندانی پۆلیس، ئاسایش و ئەفسەران دەتوانن دوای تەواوکردنی 15 ساڵ خزمەت داوای خانەنشینی بکەن. ئەم هەنگاوە وەک ڕەچاوکردنی سروشتی کارەکەیان نراوە کە بە شەو و ڕۆژ دەوام دەکەن و ناتوانن بۆ ماوەیەکی زۆر لە خزمەتدا بمێننەوە.

جێگیرکردنی دەرماڵەکانی مەترسی و خواردن

لە یاسای ئێستادا (یاسای ژمارە 9ـی ساڵی 2014)، تەنیا مووچەی بنەڕەتی و دەرماڵەی بڕوانامە بۆ خانەنشینی هەژمار دەکرێن. بەڵام لە پڕۆژە نوێکەدا، دوو دەرماڵەی دیکە دەکرێنە جێگیر؛ یەکەمیان دەرماڵەی مەترسییە کە بڕەکەی زیاتر لە 400,000 دینارە و بەپێی پلە دەگۆڕێت، دووەمیشیان دەرماڵەی خواردنە کە بڕەکەی 330,000 دینارە (واتە 11,000 دینار بۆ هەر ڕۆژێک). بەمەش مووچەی خانەنشینی هێزەکانی ناوخۆ لە مووچەی خانەنشینانی شارستانی باشتر دەبێت.

بەرزبوونەوەی کەمترین بڕی مووچەی خانەنشینی

بە جێبەجێکردنی ئەم هەمووارە، مووچەی بنەڕەتی و دەرماڵەکانی خواردن و مەترسی پێکەوە بۆ خانەنشینی ئەژمار دەکرێن. بەو پێیەش، کەمترین بڕی مووچەی خانەنشینی بۆ کارمەندانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە 800,000 دینار زیاتر دەبێت. هەر کارمەندێکیش زیاتر لە ماوەی دیاریکراو خزمەت بکات، بڕی مووچەی خانەنشینییەکەی بە ڕێژەیەکی زیاتر بەرز دەبێتەوە.

پرسی گرتنەوەی خانەنشینانی پێشوو

سەبارەت بەوەی ئایا ئەم بڕیارە ئەو کارمەندانە دەگرێتەوە کە پێشتر خانەنشین بوون، تاوەکو ئێستا بابەتەکە لەناو ئەنجوومەنی نوێنەران یەکلایی نەکراوەتەوە. بەپێی زانیارییەکانی کەناڵ8 لە پەرلەمانتارانەوە، گرتنەوەی خانەنشینانی پێشوو بەستراوەتەوە بەو بڕیارەی لە کاتی دەنگدان لەسەر پڕۆژەکە دەدرێت و هێشتا ڕوون نییە کە ئایا یاساکە بە کۆنەپشکن جێبەجێ دەکرێت یان نا.

کەناڵ8

13/05/2026