ترەمپ 50 پۆستی لە ترووس سۆشیال لەماوەی 3 کاتژمێردا کردووە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا

دۆناڵد ترەمپ لە ماوەی تەنها 3 کاتژمێردا زیاتر لە 50 پۆستی هەڕەشەئامێزی بڵاوکردەوە، ئەمەش شەپۆلێکی نوێی لە گومان و دڵەڕاوکێی سەبارەت بە بارودۆخی تەندروستیی دەروونی و جەستەیی دروستکردووە.

هەڵمەتێکی بێپێشینە لە ترووس سۆشیاڵ

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، تا بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە هەڵمەتێکی چڕی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەنجامدا. لە ماوەی تەنها 3 کاتژمێردا، زیاتر لە 50 پۆستی لە پلاتفۆرمی "ترووس سۆشیاڵ" بڵاوکردەوە، کە ناوەڕۆکەکەیان بریتی بوو لە وتەی هەڕەشەئامێز، وێنەی دروستکراوی ژیریی دەستکرد و هێرشی توند بۆ سەر نەیارە سیاسییەکانی.

هێرش بۆ سەر باراک ئۆباما و جەیمس کۆمی

لە نێو پۆستەکانیدا، ترەمپ هێرشی توندی کردە سەر باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا و بە "خیانەتکار" وەسفی کرد و داوای دەستگیرکردنی کرد. لە بەرامبەردا جەیمس کۆمی، بەڕێوەبەری پێشووی FBI، لە چاوپێکەوتنێکی میدیاییدا نیگەرانیی قووڵی خۆی لە دۆخی دەروونیی ئەم سەرۆکە 79 ساڵە نیشاندا و ڕایگەیاند، ترەمپ وەک کەسێک وایە بەدەست شتێکەوە بناڵێنێت و ئەو پۆستە وەهمییانەی وەک "شێتی" لێکردووە، گوتیشی: "وەک ئەوە وایە سەرۆکەکەمان عەقڵی لەدەستدابێت."

تۆمەتەکان دژی دەزگای هەواڵگریی CIA

ترەمپ لە بڵاوکراوەکانیدا جارێکی دیکە گەڕایەوە سەر پرسی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2020 و بانگەشەی کرد کە گەندەڵی و ساختەکاری کراوە. لە یەکێک لە پۆستەکانیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا (CIA) ئاگاداری فێڵکردن بووە لە ئامێرەکانی دەنگدان، بەڵام چاوپۆشی لێکردووە بۆ ئەوەی ئەنجامەکان بەو ئاراستەیەدا بەرێت کە خۆیان دەیانەوێت.

ئەنجامی ڕاپرسییەکان لەسەر توانای سەرۆک

ئەم هەڵمەتەی ترەمپ لە کاتێکدایە کە نیگەرانییەکان لەبارەی توانای جەستەیی و دەروونیی ئەو گەیشتووەتە لوتکە. بەگوێرەی نوێترین ڕاپرسیی ڕۆژنامەی "واشنتن پۆست" و "ئەی بی سی نیوز"، 59%ـی بەشداربووان پێیان وایە ترەمپ توانای عەقڵیی پێویستی بۆ سەرکردایەتیکردنی وڵات نییە، هەروەها 55%ـی خەڵک پێیان وایە لە ڕووی جەستەییەوە شیاو نییە بۆ ئەو پۆستە.

پشکنینی پزیشکی لە ناوەندی واڵتەر ڕید

سەرەڕای ئەوەی ترەمپ بەرەو چین بەڕێکەوتووە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ شی جین پینگ، بەڵام فشاری گومانەکان وایکرد کۆشکی سپی ڕایبگەیەنێت کە ڕۆژی 26ـی ئەم مانگە، سەرۆک لە ناوەندی پزیشکیی "واڵتەر ڕید" پشکنینی گشتیی بۆ دەکرێت. ئەم هەنگاوە وەک هەوڵێک دەبینرێت بۆ وەڵامدانەوەی ئەو گومانانەی کە دەڵێن سەرۆک چیتر کۆنترۆڵی لەسەر ڕەفتارەکانی خۆی نەماوە.