قەبارەی بازرگانی نێوان عێراق و چین 36% دابەزیوە
داخستنی گەرووی هورمز گورزێکی گەورەی لە پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان بەغداد و پەکین داوە، بە جۆرێک لە ماوەی سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا قەبارەی بازرگانیی نێوانیان بە بڕی 5.1 ملیار دۆلار پاشەکشەی کردووە.
پاشەکشەی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی
بەپێی ئامارەکان، قەبارەی بازرگانیی نێوان عێراق و چین لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا گەیشتووەتە 8.7 ملیار دۆلار، ئەمە لە کاتێکدایە لە هەمان ماوەی ساڵی 2025ـدا قەبارەکە 13.8 ملیار دۆلار بووە. ئەم داتایانە نیشانی دەدەن کە ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان هەردوو وڵات بە ڕێژەی 36% دابەزیوە.
کاریگەریی داخستنی گەرووی هورمز لەسەر هەناردەی نەوت
هۆکاری سەرەکیی ئەم دابەزینە بۆ داخرانی گەرووی هورمز دەگەڕێتەوە کە بووەتە ئاستەنگ لەبەردەم هەناردەی نەوتی عێراق بۆ چین. لە چارەکی یەکەمی ساڵی رابردوو، بەهای نەوتی هەناردەکراوی عێراق بۆ چین 10 ملیار دۆلار بووە، بەڵام لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا بۆ 5.7 ملیار دۆلار کەمبووەتەوە، ئەمەش بە واتای دابەزینی هەناردەی نەوت بە ڕێژەی 43% دێت.
کەمبوونەوەی هاوردەکردنی کاڵا چینییەکان
هاوتای کەمبوونەوەی هەناردە، هاوردەی کاڵا لە چینەوە بۆ عێراقیش بە ڕێژەی 21% دابەزیوە. لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا عێراق تەنیا بە بەهای 3 ملیار دۆلار کاڵای لە چین کڕیوە. ئەو کاڵایانەی زۆرترین دابەزینیان لە هاوردەکردندا تۆمار کردووە بریتین لە:
ئامێرە فێنکەرەوەکان: 65% کەمیکردووە.
بەرهەمەکانی ئاسن و پۆڵا: 57% کەمیکردووە.
مۆبایل و ئامێرە زیرەکەکان: 56% کەمیکردووە.
پێداویستییەکانی ئۆتۆمبێل: 32% کەمیکردووە.
گەرمبوونی بازاڕی ئۆتۆمبێلی چینی لە عێراق
سەرەڕای پاشەکشەی گشتی لە بازرگانیدا، هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی چینی بە ڕێژەی 12% زیادی کردووە. هۆکاری ئەم زیادبوونە بۆ گونجاوی نرخەکەی لە بازاڕەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە، کە وایکردووە خواست لەسەر ئۆتۆمبێلی چینی بەراورد بە ساڵی ڕابردوو بەرزببێتەوە.
13/05/2026