لە چالاکییەکدا لە ئەنقەرە پیاهەڵدان بۆ بکوژانی سەدان کورد کرا
لە چالاکییەکدا لە پایتەختی تورکیا، پیاهەڵدان بۆ بکوژانی هەزاران سیاسی و چالاکی کورد و ئۆتۆمبێلی تۆرۆس کرا، کە سیمبولی هەزاران کوژرا و بێسەروشوێنبووی کوردە لە باکووری کوردستان.
ئەرسەڤەر و ئۆپەراسیۆنەکانی لە باکووری کوردستان
لە چالاکییەکدا لە ناوچەی کەچیئۆرەنی ئەنقەرە، کە شارەوانییەکەی لەژێر دەستی جەهەپەدایە، چەند کەسێک قسەیان کرد و یەکێک لەوانەش ئەمرە جوشان بوو، کە بە جلوبەرگی جەم ئەرسەڤەر بەشداری کرد، ئەرسەڤەر یەکێک بوو لە کەسە دیارەکانی ناو ژیتەم و ناوی لەگەڵ ئۆتۆمبێلی جۆری تۆرۆسدا ڕۆیشتووە. ئەرسەڤەر کە لەگەڵ ژمارەیەک ئۆپراسیۆن لە باکووری کوردستان ناوی دەبرێت، لە تشرینی دووەمی 1993 لە ئەنقەرە کوژرا.
هەوڵیداوە بە تۆرۆسی سپییەوە بەشداری بکات
ئەو کەسەی قسەی کرد گوتی "من ئەمڕۆ بە جلوبەرگی ئەرسەڤەرەوە بەشداریم کرد کە یەکێکە لە دامەزرێنەرانی هەواڵگریی جەندرمە و هەمیشە لەگەڵ تۆرۆسی سپی ناوی دەهێنرێت، ئەمڕۆش بە تۆرۆسی سپییەوە دەهاتم بەڵام نەمابوو".
ئۆتۆمبێلی تۆرۆسی سپی مانای چییە؟
ئۆتۆمبێلی جۆری تۆرۆس کە لە براندی ڕینۆیە، لەنێو هاونیشتمانییانی باکووری کورستاندا، سیمبولی تاوانە بکەرنادیارەکان و تاوانەکانی ڕفاندنە، بەتایبەت لە کۆتایی 80ـکان بەدواوە . کە بەهۆیە سەدان سیاسی و چالاکی کورد کوژران.
کورتکراوەی ژیتەم
ژیتەمیش کورتکراوەی دەزگای هەواڵگریی و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرە و زیاتر ئۆتۆمبێلی جۆری تۆرۆسیان بەکاردەهێنا. سەرەڕای ئەوەی دامەزراوەکان و حکومەتەکانی تورکیا ڕەتیانکردەوە، دەزگایەک بەناوی ژیتەم هەبێت، بەڵام داوکاری گشتیی ئەنقەرە لە 2011دا ئاماژەی بەوەکرد، بێ وەرگرتنی ڕەزامەندی وەزارەتی ناوخۆ و سەرۆکایەتیی ئەرکانی سوپا، فەرماندەیی گشتیی جەندرمە بڕیاری پێکهێنانی ژیتەمی داوە.
هەڵەکانی دەوڵەتی تورکیا
لەدوا گوتەیدا لەوبارەیەوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا لە ناوەڕاستی مانگی تەمموزی ساڵی ڕابردوو، باسی لەو هەڵانە کرد کە دەوڵەتی تورکیا دژی هاونیشتمانییانی باکووری کوردستان کراون و گوتی: "تۆرۆسە سپییەکان، تاوانە بکەرنادیارەکان و ڕووداوەکانی گرتووخانەی دیاربەکر یەکێک بوون لەو هەڵانەی دەوڵەت و حکومەتە یەک لە دوای یەکەکان کردوویانن".
13/05/2026