فۆتۆگرافەرێکی کورد پلەی یەکەمی لە کێبڕکێیەکی جیهانییدا بەدەستهێنا
لەمیانی بەشداریکردنی لە کێبڕکێیەکی جیهانیی تایبەت بە فۆتۆگرافی، فۆتۆگرافەرێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، توانی پلەی یەکەم بەدەستبهێنێت و ستایشێکی زۆر کرا.
ڕۆژنامەی گاردیان خەڵاتی کردووە
ئیبراهیم عەلی پوور، یەکێکە لە فۆتۆگرافەرە ناسراوەکانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، خەڵکی شاری بانەیە و توانی لەمیانی بەشداریکردنی لە کێبڕکێیەکی فۆتۆگرافیی تایبەت بە تۆڕی بەڵگەنامەی کۆمەڵایەتی و ڕۆژنامەگەریی سەر بە ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی بۆ ساڵی 2026، پلەی یەکەمی بەدەستهێنا.

فۆتۆکانی لەبارەی کۆڵبەر و ژیاری کوردەواریین
عەلی پوور، لە چوارچێوەی خانەی فۆتۆگرافیی بەڵگەنامەیی توانیویەتی بەسەر تێکڕای فۆتۆگرافەرە بەشداربووەکان سەربکەوێت و لەلایەن ڕێکخەرانی کێبڕکێکەوە ستایشێکی زۆر کرا؛ لە ئاستی ناوەڕۆکدا، فۆتۆکانی لەبارەی ڕەنج و ژیانی سەختی کۆڵبەر و ژیاری کۆمەڵایەتیی کوردن لە ئێران.

ئیبراهیم عەلی پوور کێیە؟
ئیبراهیم عەلی پوور، ساڵی 1989 لە بانە لەدایکبووە، تاوەکو ئێستا، لە سایەی کارە فۆتۆگرافەرییەکانیدا، دەیان خەڵاتی نێودەوڵەتیی و ناوخۆیی لە ئاستی ئێراندا بردووەتەوە، هەڵگری بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لە ئەندازیاریی تەلارسازییدا.

13/05/2026