دەیان کەسایەتى داواى دادپەروەرى بۆ دۆسیەى شێروان شێروانی دەکەن
زیاتر لە 250 کەسایەتى لە نامەیەکدا داواى "دادپەروەرى" بۆ دۆسیەى شێروان شێروانى دەکەن و جەخت دەکەنەوە نابێت دۆسیەکەى بەمجۆرە درێژە بکێشێت.
داواکارییەکە لە چینە جیاوازەکان پێکهاتوون
کەسایەتییەکان لە نووسەر، ڕۆژنامەوان، مامۆستایانی زانكۆ، چالاكوانانی مەدەنی و داكۆكیكاری مافی مرۆڤ پێکهاتوون و نامەکەشیان بۆ سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ ناردووە، تێیدا دەڵێن "نابێت هیچ كەسێك بەهۆی بیروڕا، كاری ڕۆژنامەوانی، یان چالاكی مەدەنی و سیاسی، بكرێتە ئامانجی سزاو فشار".
لە ساڵیادى ڕۆژنامەگەرى کوردى مانى گرت
ڕۆژنامەوان، شێروان شێروانی کە لە ساڵى 2022ـەوە لە زیندانە، لە ساڵیادی ڕۆژنامەگەریی کوردیدا لە 22ـى نیسانى ئەمساڵ لەنێو زیندانەوە بڕیاری مانگرتنی لە خواردنداوە و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە.
چوار داواکارى خراوەتەڕوو
لە نامەکەدا کەسایەتییەکان چوار داواکارییان خستووەتەڕوو، لە یەکەمیاندا داوا دەکەن دەزگا پەیوەندیدارە ناوخۆییەكان بەشێوەیەكی شەفاف، یاساییو دادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ كەیسی شێروان شێروانیو هاوڕێیانی بكەن.
خاڵى دووەمى داواکارییەکان
لە خاڵى دووەم دا داوا دەکەن هەموو مافە یاسایی و مرۆییەكانی شێروان شێروانی دابینبكرێن، لەوانەش مافی پاراستنی یاسایی، مافی سەردانی خێزان، مافی چارەسەری تەندروستی و مافی مامەڵەی مرۆڤانە لەزیندان.
خاڵى سێیەمى داواکارییەکان
لە خاڵێکى دیکەدا داوا دەکەن دامەزراوە ناوخۆییو نێودەوڵەتییەكانی مافی مرۆڤ چاودێریی نزیك لەسەر ئەو دۆسیەیە بكەن و پشتگیریی لەبنەماكانی ئازادیی، دادپەروەرییو پاراستنی مافی مرۆڤ بكەن.
خاڵى چوارەمى داواکارییەکان
لە خاڵى چوارەم و کۆتایدا دەڵێن چارەسەری هەر ناكۆكییەك دەبێت لەڕێگهی یاسا، گفتوگۆی مەدەنیو ڕێكارە دادپەروەرانەكانەوە بێت، نەك لەڕێگای سنورداركردنی دەنگی جیاواز، ڕادەربڕینو چالاكی مەدەنی.
خەریکى دۆسییەکە دەبێتە شێواندنى سەربەخۆیی دادگا
جەختیش دەکەنەوە دۆسیەى شێروان شێروانی چیتر نابێت بەمجۆرە درێژەبكێشێت و ببێتە نمونەیەكی دیكه لە شێواندنی سەربەخۆیی دادگا، پێشێلكردنی یاساو سنوورداركردنی ئازادی ڕۆژنامەوانی، چالاكی مەدەنیو ڕای جیاواز.
چیرۆکى دەستگیرکردن و بەروارى دادگاییەکان
شێروان شێروانی، ڕۆژی 16ـی شوباتی 2021 بە تۆمەتی "تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی" لەگەڵ ژمارەیەک ڕۆژنامەوان و چالاکوانى بادینان لەلایەن دادگای تاوانی هەولێرەوە بە شەش ساڵ زیندانیی سزادرا.
لە شوباتی 2022ـدا بە فەرمانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان %60ـی سزای گیراوەکانی دیکە و سزاکەى شێروان شێروانی %50 کەمکرایەوە.
هەرچەندە بەگوێرەی ئەو بڕیارەی سەرۆکی هەرێم، دەبوو مانگی ئەیلولی ساڵی 2023، شێروان شێروانی ئازاد بکرێت، بەڵام مانگی تەممووزی هەمان ساڵ بە تۆمەتی واژۆکردن لەبری یەکێک لە هاوڕێ زیندانییەکانی، بە چوار ساڵ زیندانیکردن سزا درایەوە و دواتر بەهۆی بڕیارەکەی سەرۆکی هەرێمەوە سزاکەی کەمکرایەوە بۆ دوو ساڵ.
سزادانەوەی شێروان شێروانی لە کاتێکدا بوو، پێویستبوو لە 9ـى ئەیلوولى ساڵى ڕابردوو ئازاد بکرێت، بەڵام بە پاساوی ئەوەی لەنێو زیندان هەڕەشەی لە ئەفسەرێکی زێرەڤانی کردووە، سزای نوێی بەسەردا سەپێنرا. پارێزەران و کەسوکاری شێروانی دەڵێن، ئەم سکاڵایە تەنیا بۆ ڕێگریکردن بووە لە ئازادبوونی لە کاتە دیاریکراوەکەی خۆیدا.
بەگوێرەی یاساى ڕۆژنامەگەری لە هەرێمى کوردستان ماددە 35ـى ساڵى 2007، ناتواندرێت ڕۆژنامەوان دەستگیر بکرێت تەنیا بە فەرمانى دادگا و ڕەزامەندیى سەندیکاى ڕۆژنامەنووسان نەبێت.
13/05/2026